ناوەندی بریار دەلێت دەبێت خۆمان بۆ دوای سەردەمی نەوشێروان ئامادە بكەین

خواكوڕك

كادرێكی باڵای ناوەندی بڕیار لەچوارچێوەی نوسینێكدا ئاماژە بەوە دەكات ئێستا كە وردە وردە سەردەمی دوای نەوشیروان مستەفا دەستپێدەكات ئیتر كردەیەكی ئاوا چیتر تاكە كەسی نیە.

سڵێمان عەبدوڵا یونس نوسەری دیاری باڵی ناوەندی بڕیار، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك لەژێر ناونیشانی “نەخشەڕێگایەك بۆ چارەی ستراتیژی”.
دەقی نوسینكەی سڵێمان عەبدوڵا یونس.

نەخشەڕێگایەك بۆ چارەی ستراتیژی

نەخشەڕێگای ڕاست بۆ دەستەبەری مافی خەڵك و گەڕانەوەی متمانە بۆ حكومەت، گۆڕینی جۆری هاوپەیمانێتیە تەقلیدیەكانی نێوان حزب و ماڵباتەكانە، كەلەسەر بنەمای دوبارەنەبونەوەی پێكدادانی چەكداری حزبەكان و جێگیركردن و هاوسەنگی پشكی ماڵباتە سیاسیەكان دروست بوون.
ئەوەی زیاتر لەچانسێكی زێڕینی هەبوو، بۆئەوەی بنەماكانی ئەو هاوپەیمانێتیە ماڵباتی و تەقلیدیە لەڕیشەوە بگۆڕێت، نەوشیروان مستەفا بوو. بەڵام بەهەر هۆكارێك بوو، ئەویش یەك بەدوای یەك و بەویست و دەستی خۆی، چانسەكانی ئەو ئەكشنە حەیاتیەی كانسڵ كردەوە .
ئێستا كەوردە وردە سەردەمی دوای نەوشیروان مستەفا دەست پێدەكات، ئیتر كردەیەكی ئاوا چیتر تاكە كەسی نیە. بەڵكو كردەیەكی دەستەجەمعییە و پێویستی بەتەرحكردنی هاوپەیمانێتی نوێ و گۆڕینی ڕووخساری بەرژەوەندیەكانە لەهاوپەیمانێتی دوو قۆڵی و بەرژەوەندی جووتماڵباتیەوە بۆ هاوپەیمانێتی فراوان و بەرەیی و بەرژەوەندی میللی.
ڕەنگە ئەمە دەرفەتێكی ئاڵتونی دەستەجەمعی بێت، بۆئەوەی گۆڕان و ناوەندی بڕیار و كۆمەڵ و یەكگرتوو، هاوپەیمانێتیەكی نوێ دروست بكەن و لەژێر چەتری ئەم هاوپەیمانێتیەشەوە، بچن لەگەڵ پارتی ڕێكەوتنێكی نوێی دوور لەدووژمنكاری شەستەكان و لەپێناو گەڕانەوەی مافی خەڵك و متمانە بۆ حكومەت و ستراتیژی دەوڵەتی كوردستان، بنیاتبنێن، خۆ ئەگەر ئەمەش لەگەڵ پارتی نەهاتەدی، با هاوپەیمانێتیە نوێیەكە، ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بێت و لەهەڵبژاردنی داهاتودا، بەدەنگی خەڵك و بەئیرادەی خۆی، دیفاكتۆی پۆستحوكمڕانی ماڵباتەكان جاڕ بدات

Back to top button