لە ئەمساڵدا شه‌ش ملیۆن هاووڵاتیانی سوریا ئاواره‌بووه‌

 

بەردەوامی هەشت ساڵ جەنگی ناوخۆیی سوریا و بەردەوامبوونی قەیران و ململانێی نەیارەکان، بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی سوریا وەک پەنابەر ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ بکەن و ژمارەیەکی تریش لە ناوخۆی وڵاتەکە ئاوارە ببن.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەئێستادا نزیکەی شەش ملیۆن هاووڵاتی سوری ئاوارەی هەریەک لە وڵاتانی ئوردن و تورکیا و لوبنان و عێراق بوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەیان هەزار کەسی دیکە کە ئاوارەن ناویان تۆمارنەکراوە.

بانوس مومتەزیس ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا ڕایگەیاند، سوریا لە ناوخۆیدا ڕووبەرووی ئاوارەبوونێکی چڕ بووەتەوە، بە جۆرێک لە مانگی کانونی یەکەم تا نیسانی ئەمساڵ، واتە لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٩٢٠ هەزار کەس لە سوریا ئاوارە بوون.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە گەورەترین ژمارەی ئاوارەبوونی هاوڵاتییانی سوریایە کە لە ماوەیەکی کورتدا ڕوویداوە، بەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە لە ماوەی حەوت ساڵی سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا.

بەشێکی زۆری ئاوارەکان ناچارکراون بەهۆی بەرفراوانبوونی بەرەکانی شەڕ ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، بەتایبەت لە غۆتەی ڕۆژهەڵات و پارێزگای ئیدلب کە لە ساڵی ٢٠١٢وە دیارترین پێگەی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوون.

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی غۆتەی ڕۆژهەڵات شاری حەلەب لەلایەن سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی، هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو شوێنانە بە زۆرەملێ ناچارکران ڕوو لە ئیدلب بکەن.

هەرچەندە لەمساڵدا، ژمارەی کوژرانی هاوڵاتییانی سوری بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمبووەتەوە، بەڵام بەهۆی ڕێککەوتنەکانی نێوان لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سوریا و ئاڵوگۆڕکردنی شوێنەکانیان ژمارەی ئاوارەبوون لە ناوخۆی سوریادا زیادیکردووە.

لە ئیستادا بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی شەش ملیۆن و دووسەد هەزار کەس لە ناوخۆی سوریادا ئاوارەبوون.

سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەر لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریا، ئەو هاوڵاتییە سورییانە لە دۆخێکی نەگونجاو و سەختدا ژیان بەڕێدەکەن و بەشێکی زۆری پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەیان بۆ دابیننەکراوە، ئەمەش وایکردووە لە دۆخێکی ئابووری قورسدا بژین.

لەن او ئاوارە و پەنابەرەکانیشدا، منداڵان قوربانی یەکەمن کە بەشێکی هەرە زۆریان لە پرۆسەی خوێندن و فێربوون بێبەشبوون و بەهۆی خراپی بژێوی ژیانی خێزانەکانیانەوە ڕووبەڕووی کارکردن بوونەتەوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، تا ساڵی ٢٠١٧ زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی پەنابەری سوری لە وڵاتانی دراوسێ لە خوێندن بێبەشبوون.

هەر بەپێی ئاماری ڕێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیران و ئالۆزییەکانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن و حەوسەد هەزار منداڵی سوری لەدایکبوون و لەو ژمارەیەش سێسەد و شەش هەزار منداڵیان لە ژیانی پەنابەریدا لەدایکبوون.

Back to top button