‌باندێكی گه‌وره‌ی دزی له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستگیركرا

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ باندێكی دزی ده‌ستگیركران كه‌ له‌ سێ تۆمه‌تبار پێكهاتبوون و دانیان به‌چه‌ندین تاوانی دزی نا كه‌ له‌ نێو شاری هه‌ولێر ئه‌نجامیان داوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ موقه‌ده‌می پۆلیس هه‌یسه‌م جه‌رجیس، ئه‌فسه‌ری نووسینگه‌ی راستی رایگه‌یاندووه‌‌: “دوای تۆماركردنی چه‌ند سكاڵایه‌ك له‌چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری هه‌ولێر، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌مان بۆ رووداوه‌كه‌ كرده‌وه‌”.

وتیشی‌: “دوای به‌دواداچوونی ورد توانیمان ناسنامه‌ی تۆمه‌تباران ئاشكرا بكه‌ین و له‌ بۆسه‌یه‌كدا تۆمه‌تباران ده‌ستگیربكه‌ین”.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ “دوای ده‌ستگیركردنیان تۆمه‌تباران دانیان نا به‌ شه‌ش دزی له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی (ئاوێنه‌ی شار، ژیان، رۆشه‌نبیری، داره‌توو، پێنجی حه‌سارۆكان)”.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ “دزییه‌كانیش بریتیبوونه‌ له‌ ( زێڕ و كاڵا و مۆبایل و چه‌ك) و ئێستا تۆمه‌تباران په‌ڕاوه‌كه‌یان بۆ رێكخراوه‌ و ره‌وانه‌ی به‌رده‌م دادوه‌ر كرا”.

Back to top button