سیستەمی مووچەی ئەلیكترۆنی دەست پێدەكات

خواكوڕك
 
پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی مووچەی دەست پێدەكات، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە سیستەمی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت.
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 10-10-2016  پرۆسەی بایۆمەتری مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كارتی ئەلیكترۆنییان بۆ دروست بكرێت”.
 
سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە رۆژی دووشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2016، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت وەک یەکەم مووچەخۆری هەرێمی کوردستان، کارتی ئەلیکترۆنی دەردەهێنن.
 
سەرەتا فۆڕمێک بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت کە زانیاری لەبارەی فەرمانبەرانەوە تۆماردەکات، دواتر پەنجەمۆر و گلێنەی چاوی فەرمانبەران تۆماردەکرێت و فەرمانبەران لەڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە مووچە وەردەگرن.
 
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بڕیاری بە ئەلیكترۆنی کردنی سیستەمی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران لە مانگی ئایاری رابردوو دراوە و ئەمڕۆ دووشەممە دەستی پێکرد.
 
لە پرۆسەکەدا، کە مووچەخۆران پێویستە لە ماوەی سێ مانگ کارتی ئەلیکترۆنیی مووچە دەربهێنن، پەنجەمۆری هەر 10 پەنجەی مووچەخۆر و فەرمانبەران وەردەگیرێت و هەژماری بانکییان بۆ دەکرێتەوە، بە مەبەستی رێگرتن لە دوو مووچەیی و ئاسان دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.
Back to top button