محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب : كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی حیزبی به‌ گۆرانیشه‌وه‌ ده‌ستیان له‌ ژه‌هراویكردنی سلێمانیدا هه‌یه‌

سەرباری گرانبوونی نرخی بەنزین لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەشێکیش لەو بەنزینەی كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی “مادەیەکی ژەھراوی تێدایە و زیانی بۆ مرۆڤ ھەیە”.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی٦ی٢٠١٨، محەمەد شێخ وەھاب، ئەندامی لێژنەی سووتەمەنی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی نرخی بەنزین گران بووە، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان، بەشێک لەو بەنزینەی لە سنووری سلێمانی ھەیە، جۆرە مادەیەکی لەگەڵدا تێکەڵ دەکرێت بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کوالێتیی بەنزین، کە ئەمەش مادەیەکی ژەھراوی و مەترسیدارە بۆ تەندروستیی مرۆڤ”.
 
ئه‌و ئەندامه‌ی لێژنەی سووتەمەنی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند:” “ژمارەیەک کۆمپانیا و بەرپرس لەو بابەتە تێوەگلاون و سەرجەم بەڵگەکانمان داوەتە پارێزگاری سلێمانی، داوا دەکەین لێژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە پێک بھێندرێت و لێکۆڵینەوە بکرێت”.
 
له‌كات به‌ دواداچوون بۆ پرسی به‌نزینی ژه‌هراوی ناوبراو ده‌ستگیر ده‌كرێت و هێرشی كراوه‌ته‌سه‌رو په‌لاماردراوه‌ وهه‌روه‌ها محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب ده‌لێت:” کۆمەڵێک بەرپرسی حزبەکان و بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە دەستیان لە تێکەڵکردن و ژەھراویکردنی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی ھەیە”.
 
له‌ كۆتاییی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌یدا ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی گوتیشی :” “بەڵگەم لەسەر تێوەگلانی زیاتر لە ٥٠ بەرپرس، کۆمپانیا و کەسایەتی ھەیە، ھەموو بەڵگەکانم داوەتە پارێزگاری سلێمانی، ئەگەر پارێزگاریش رێوشوێنی یاسایی بەرانبەریان نەگرێتە بەر، ئەو کاتە ناوی تەواوی ئەوانە ئاشکرا دەکەم”.
 
شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه‌ له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا ئێران 600 تانكەر بەنزینی ژەهراوی لە مەرزەكانەوە ڕەوانەی سنوری پاڕێزگای سلێمانی كردووە، كە مادەی زۆر مەترسیدار لەو بەنزینەدا هەیە و نەخۆشیی شێرپەنجە بڵاو دەكاتەوە.
Back to top button