سبه‌ی له‌ خانه‌قین مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری راده‌گه‌یێنرێت

 

بڕیارە سبەی پێنج شەممە دانیشتوانی قەزای خانەقین، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر خراپبونی دۆخی ئەمنی قەزاکەیان، بازار و شوێنە گشتییەکان دابخەن، بەرپرسێكی حەشدی شەعبیش داوا لە حیزبە کوردییەکان دەكات ناڕەزایەتییەکە نەقۆزنەوە.
زانیار جەوهەر، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و یەکێک لەڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکەی سبەینێی خانەقین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە”لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی ئەمنی خانەقین و گوندەکانی دەوروبەری تێکچوە.”

زانیار جەوهەر ڕونیشیکردۆتەوە سبەی پێنجشەمە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر خراپی دۆخی ئەمنی، دانیشتوانی خانەقین تا نیوەڕۆ دوکان و بازاڕ ناکەنەوە و خەڵک لە ماڵ نایەنە دەرەوە.

وتوشیەتی”داواکاریمان هەماهەنگیکردنی هەرێم و بەغدایە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ خانەقین.”

لەلای خۆیشییەوە، شێرکۆ عەزیز بەرپرس لە ڕێکخراوی بەدری سەر بە حەشدی شەعبی، پێیوایە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن دانیشتوانی خانەقینەوە کارێکی ئاساییە و مومارەسەکردنی پرۆسەی دیموکراسییە.

ناوبراو بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندوە”نابێت ناڕەزایەتیەکانی خانەقین لەلایەن حیزبە کوردیەکانەوە ئیستیغلال بکرێن، چونکە حیزبە کوردیەکان و حکومەتی عێراق ڕێککەوتن لەو ناوچانە لە نێوانیان هەیە.”

Back to top button