دوای كاتژمێر7ی ئێواره‌ ده‌ست به‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان ده‌كرێت

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق بڕیاری پەرلەمانی عێراقی بۆ ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەست پەسەند کرد و پسپۆڕێکی یاساش پێی وایە، تا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت عێراق دەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە.
 
بە پێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان پەرلەمانی عێراقە و دوای کاتژمێر ٧ی ئێوارە دەست بە ھەژمارکردنی دەنگەکان دەکرێت.
 
د. وەعدی مزووری، پسپۆڕی یاسا ڕایگەیاند: “بڕیاری دادگا مانای ئەوە دەگەیەنێت، ئەمڕۆ کە بڕیارەکە دەرچووە، ١٢ی ئایارە و کاتژمێر ٧ی ئێوارەیە و پڕۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق کۆتایی ھاتووە، قۆناغی ھەژمارکردنی دەنگەکان دەست پێ دەکات، ئەو دەستەیەی دادوەران کە لە شوێنی ئەنجومەنی کۆمسیاران دیاری کراوە، دەست بە کارەکانی دەکات بۆ ھەژمارکردنی دەنگەکان بە دەست، بەو پێیەش ئەنجامی پێشووی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار ھەڵدەواسرێت و ھەژمار ناکرێت تا ئەنجامی نوێ دەردەچێت.”
 
لای خۆیه‌وه‌ نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: “ڕاستە دادگا ئاشکرای کردووە لە ماوەی دە ڕۆژدا ھەژماردنەوەی دەنگەکان کۆتایی دێت، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین کاتی زیاتری پێویستە و بەوەش عێراق دەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە، چونکە پێویستی بە وردەکاریی زۆر ھەیە و لە سەرتاسەری عێراق دەنگەکان ھەژمار دەکرێنەوە، ئەگەر تا ٣٠ی ئەم مانگە کۆتایی بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان نەیەت، زیانی گەورە بە پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمانی دەگەیەنێت.”
 
نه‌دا مێرگه‌سوری گووتیشی :” ھیچ پاساوێکی یاسایی و دەستووری نییە تا پەرلەمان بتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای پەرلەمانی، پەرلەمان ناتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، دەستووریش ھیچ ئاماژەیەکی بۆ نەکردووە.”
 
Back to top button