مه‌سعود حه‌یده‌ر : بریاركه‌ی دادگای فیدراڵی چاوه‌ڕوان كراو بوو

مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای فیدراڵی عیراق له‌سه‌ر یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی تانه‌كان چاوه‌ڕوانكراوبوو، به‌جۆرێك كه‌ توانی باڵانس له‌ نێوان هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ رابگرێت.
 
مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له‌ نوسینێكیدا له‌ ژێر ناونیشانی ( بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدرالی لەسەر ھەڵبژاردن) نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت :” بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی چاوەروانکراو بوو، بالانس رابگرێت لە نێوان ھەردوو بەرەکە، پشتیوانی ئەو بڕیارەی دادگای باڵا دەکەین کە دووپاتی دەکاتەوە دەنگەکان بە دەست ھەژماربکرێنەوەو ھەموو گومانەکان بڕەوێنەوەو متمانە بگەرێتەوە بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن”.
 
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نوسیوشیه‌تی ” دادگای باڵای فیدرالی ئەو ماددەی سێ ی بە نادەستوری لەقەلەم دا کە دەنگی ئاوارەکان و دەرەوەو دەنگدانی تایبەتی ھەرێمی کوردستانی ھەڵوەشاندبوو، مافی دەنگدانی ئەو چین و توێژانەی پاراست و ھەر سندوقێک تانەی لێدراوەو بە بەڵگە سەلمێندراوە کە ساختەکاری تێدا ئەنجامدراوە ھەژمار دەکرێتەوەو ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن وەکو خۆی دەبێت تا ھەژماردن و یەکلاییکردنەوەی تانەکان وەکو دادگای بالا ی فیدرالی لە بڕیارەکەی ئاماژەی پێکردوە. دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارە سیاسێکانی ناو یاساکە ھەڵوەشاندەوە. بەم بڕیارە دادگای باڵا بارودۆخەکەی عێراقی ھێورکردەوە”.
 
له‌ كۆتایی دا مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌شڵێت:” دادگاى بالاى فیدرالی سێ خاڵی دەستوری نوێی چەسپاند لە عێراق :
١- پەرلەمان دەتوانێ لە دانیشتنی استثنائى یاسا تەشریع بکات.
٢- پەرلەمان دەتوانی یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکاتەوە پێش پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدرالی.
٣- پەرلەمان دەتوانێ یاسا تەشریع بکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە بێ ئەوەی رەوانەی سەرۆک کۆماری بکات بۆ واژووکردن، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی ٧٣ ی دەستوری عێراقە.
Back to top button