‎ڕاگەیەندراوێك لە شەش حزبە ناڕازییەكە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە شەش حزبە ناڕازییەكەی كوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، راگەیەندراوێكیان لەبارەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەسەر سێیەمین هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوكردەوە.

شەش حزبەكە راگەیەندراوەكەیان بەناونیشانی (لەسەر ئاستی سلێمانی)دا بڵاوكردووەتەوە و نووسیویانە “‎دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان..، ئێمە سەرلەبەری ئەنجامەکانمان ڕەت کردووەتەوە…، هەوڵەکانمان سەرەنجام سەرکەوتنی بەدەست هێنا و گەیشتە هەموارکردنەوەی یاسای (٤٥)ی ۲۰۱۳ و بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق و بە شەرعی ناساندنی هەمووارەکە و بژاردنەوەی تەواوی دەنگەکان بە دەست”.

هەروەها رایانگەیاندووە كە ڕێز لە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی دەگرن و بەبڕیاری بژاردنەوەی دەنگی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و تاراوگە و ئاوارەکانیشەوە، بۆ ڕێزگرتنیش لە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق و هەمووارکردنەوەی یاسای (٤٥)ی ۲۰۱۳، چاودێری بژاردنەوەی دەستی دەنگەکانی دەنگدەران دەکەن.

شەش حزبە ناڕازییەكە سەرباری ئەوەی زۆربەی داواكانیان بەدی هاتووە، جگە لە داوای رەتكردنەوەی سەرلەبەری دەنگەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و ئاسایشی كوردستان، گریمانەیەكی تریان ورووژاندووە بۆ قۆناخی دوای ژماردنەوەی دەنگەكان، كە ئەویش شوێنی پاراستنی سندوقەكانی دەنگدان و چۆنیەتی پاراستنیانە. لەمبارەیەوە نیگەرانیان دەربڕیوە كە سندوقەكان لە ماوەی رابردوودا لەژێر چاودێری ئەواندا نەبوون.

لە کۆتاییدا ئومێدیان كردووە ئەو دادوەرانەی بڕیارە سەرپەرشتی کارەکانی کۆمیسیۆن بکەن بێ لایەنانە کارەکانیان ئەنجام بدەن و ئەو ڕێگریانەی هەتا ئێستە هەبووە لە چاودێریکردنی وردی پڕۆسەکە نەهێڵدرێن و ڕێکارەکانی تایبەت بە ئەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان وەک خۆی جێبەجێیان بكەن.

Back to top button