دوای كوژرانی 22 چه‌كداری حەشدی شەعبی, هه‌ڕه‌شه‌ له‌ عه‌بادی كرا

 

دوای بۆردوومانەكەی پێرێ شەو بۆ سەر هێزەكانی حزبوڵای عێراقی و حزبوڵای لبنانی له‌ ئه‌لبوكه‌مان ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی بەریتانی لە بەدواداچوونێكدا دووپاتی كردووەتەوە كە بۆردوومانەكەی پێرێ شەوی ناوچەی ئەلبوكەمال، لەلایەن فڕۆكەكانی سوپای ئیسرائیلەوە بەوردەكارییەكی زۆر پێشكەوتووەتەوە ئەنجام دراوە، كە لە ئەنجامدا دەیان چەكداری میلیشیاكانی حزبوڵای عێراقی سەر بەحەشدی شەعبی و حزبوڵای لبنانی و چەكداری رژێمی ئەسەد تیایدا كوژراون.
پاش رووداوه‌كه‌ش, حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاند هیچ هێزێكی عێراقی لەنێو خاكی سووریادا نەكەوتوونەتە بەر بۆردوومان و نەكوژراون. دووپاتیشی كردووەتەوە هێزەكانی عێراق تەنها لەنێو خاكی عێراقدا و لەسەر سنوورەكان بەرانبەر سووریا جێگیر كراون. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەكی ناڕەزایی بڵاوكردووەتەوە بەرانبەر ئەم بۆردوومانەی لەسەر ئەلبوكەمال ئەنجام دراوە و بەئامانج گرتنی هێزەكانی لەنێو خاكی سووریا پرۆتستۆ كردووە. هەروەها حەشدی شەعبیی عێراقیش بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە و پرۆتستۆی ئەم هێرشەی كردووە كە كراوەتە سەر چەكدارەكانی لەسەر خاكی سووریا.

ئەگەرچی حەشدی شەعبی چەند كاتژمێرێك دوای بڵاوكردنەوەی، بەیاننامەكەی سڕیەوە، بەڵام دواتر جارێكی تر بڵاوی كردەوە.

لەمبارەیەوە بەرپرسێكی باڵای عێراقی قسەی بۆ ماڵپەڕە عەرەبیە بەریتانیەكە كردووە و گوتوویەتی “لەبارەی ئەم بۆردوومانەی ئەلبوكەمالەوە، ناكۆكییەكی گەورە كەوتووەتە نێوان سەرۆك وەزیران و سەركردەكانی حەشدی شەعبی”.

هەروەها ئاماژەی داوە كە ئەم هێرشە ئاسمانیە، قووڵترین كێشەی نێوان عەبادی و حەشدی شەعبی زیندوو كردووەتەوە، كە بریتیە لە چوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ نێو خاكی سووریا و یارمەتیدانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.

لەلایەكی دیكەشەوە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە بەبڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك، دووپاتی كردەوە ناكۆكی لەنێو خودی حكوومەتدا بەئاستێكی بەرز قووڵ بووەتەوە. ماڵپەڕەكە دەڵێ جەعفەری بەم بەیاننامەیە دەیەوێ خۆی لەبەردەم حەشدی شەعبی و دواتریش دەوڵەتی ئێراندا خۆشەویست بكات.

سەرباری ئەمانە، ئەم ناوچەیەی هێرشەكەی كراوەتە سەر، بەناوەندێكی گرنگی هەواڵگری چوارقۆڵی دادەندرێ، كە تەواوی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن و گەیاندنی هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد و حەشدی شەعبی عێراقی و حزبوڵای لوبنانی و هێزەكانی ئێرانی لەخۆ گرتووە، هەر لەوێندەرێشەوە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان لە دژی هێزەكانی داعش ئاراستە دەكرێن.

جێی باسە ژمارەی تەواوی كوژراوەكانی بۆردوومانەكە 60 چەكداری تێپەڕاندووە، كە 22یان سەر بەمیلیشیای حزبوڵای عێراقین، ئەوانی تریش چەكداری رژێمی ئەسەدن. هەروەها دوێنێ بەشێك لە تەرمی كوژراوە عێراقیەكان گەیشتوونەتەوە شاری نەجەف.

Back to top button