په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ی سوید له‌ توركیا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا

 

دوای سه‌ردانی كردنی په‌رله‌مانتاری كوردی سویدی جه‌بار ئه‌مین ئه‌مڕۆ, له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌تاتورك له‌ ئیستانبول ده‌ستگیركرا.

به‌ گوێره‌ی میدیاكانی سوید، سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ له‌گه‌ڵ گرووپێكی دیكه‌ی په‌رله‌مانتارانی سوید، بۆ چاودێریكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وڵاته‌یه‌، كه‌ بڕیاره‌ 24ی حوزه‌یران/ یۆنیۆ ئه‌نجامبدرێت.

میدیاكانی سوید بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی جه‌بار ئه‌مین چووه‌ته‌ شوێنی “پشكنینی پاسپۆرت” له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌.

تا ئێستاش هۆكاری ده‌ستگیركردنی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ دیار نییه‌ و پۆلیسی توركیاش رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاری ده‌ستگیركردنی جه‌بار ئه‌مین “له‌ ده‌سته‌یه‌كی باڵاوه‌” ده‌رچووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید رایگه‌یاند، ئاگاداری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی جه‌بار ئه‌مینن و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ په‌یوه‌ندیدان.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، دوای هێشتنه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك له‌ ده‌ستبه‌سه‌ری، جه‌بار ئه‌مین، ره‌وانه‌ی وڵاتی سوید كراوه‌ته‌وه‌.

Back to top button