ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی پاڕێزگاكانی هه‌رێم ته‌مه‌نی یاساییان كۆتایی هات

پێش چوار ساڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام درا و ئه‌مڕۆ٢٣ی٦ی٢٠١٨ كۆتاڕۆژی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌ و سبه‌ی ده‌بنه‌ ئه‌نجومه‌نی كاربەڕێكه‌ر و ته‌نیا بۆ سێ مانگ ده‌توانن له ‌كاری خۆیان به‌رده‌وام بن و دواتر پێویسته‌ له ڕێگه‌ی یاسایی، یان هه‌ڵبژاردنەوە ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌رنا كۆتایی به ‌كاری ئه‌نجومه‌كان دێت.
كه‌نعان خه‌یلانی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هەولێر ڕایگه‌یاند: “ئه‌مڕۆ واده‌ی یاساییی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ده‌بێت و ده‌بێته‌ چوار ساڵ و به ‌پێی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پێویسته‌ هه‌ر چوار ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن بكرێت و ئێمه‌ له‌ مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوودا نوسراوێكمان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دیاری بكرێت و به ‌پێی هه‌مان یاسا ئێمه‌ سێ مانگمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ تاوه‌كو ٢٣ی٩ی ٢٠١٨ له‌ كاری خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌بینه‌ كاربه‌ڕێكه‌ر و دوای ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانەوە چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ بكرێت.”
له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی چاره‌كردنی ئه‌و پرسەوە‌،سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هەولێر گوتی: “ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نووسراوێك ئاراسته‌ی په‌رله‌مان بكات و په‌رله‌مان یاسای ژماره‌ سێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌موار بكاته‌وه‌ و ئه‌وكات ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌ن درێژ بكرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت پێویسته‌ تا ئه‌وكاته‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت.”
بڕیار وایه‌ به‌م نزیكانه‌ حكوومه‌ت و كۆسیۆن كۆ ببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدرێت له ‌كاتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش ئه‌نجام بدرێت، به‌ڕێوەبه‌ری ڕاگه‌یاندنی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێمی كوردستان، شۆڕش حه‌سه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه گوتی: “بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ نووسراوی فه‌رمی ئێمه‌ ئاگار بكاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه‌ و هه‌ركاتێكیش ئاگادار كرایه‌نه‌وه‌ ئه‌وكات ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران كۆ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ڵوێستی خۆمان ڕاده‌گه‌یەنین.”
Back to top button