ئه‌م حزبانه‌ ده‌بنه‌ دوكانی سیاسی له‌ به‌غدا

په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتی و چاودێری سیاسی ( د.ئاسۆ كه‌ریم) ده‌لێـ” ئەو ھەشت خاڵەی کە نەسر و سائیروون ھاوپەیمانێتییان لەسەری پێک ھێناوە، عێراق زیاتر بە ئاراستەی مەرکەزیەتدا دەبەن، ئەو خاڵانەش لە دەوری ئەوەدا دەسووڕێنەوە کە عێراق بەھێز بکرێت، بەتایبەت دامودەزگاکانی لە بواری سوپا و پۆلیس و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، ئەمەش لێکدانەوەی جیاجیای بۆ دەکرێت، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”لە خاڵی ھەشتەمدا باس لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکرێت، ئەمەش کۆمەڵێک ئاماژەن، کە ھەم سائیروون و ئیتیلافی نەسر دەیانەوێت عێراق بەرەو مەرکەزی زیاتر ببەن، لە کاتێکدا ئەم کارە پێچەوانەی دەستوور و مادەی یەکی دەستوورە کە باس لەوە دەکات عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، بەڵام ئەمانە بە یەک وشەش باسی فیدراڵیان نەکردووە.

كه‌ریم ده‌شپرسێـ”ئایا بەڕاست ئەم دوو لایەنە دەیانەوێت عێراق ببێتە عێراقی ھەموان و سەرجەم پێکھاتە سەرەکییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشداری بکەن؟، ئایا دەستوور وەک ئەوەی ھەیە جێبەجێی دەکەن و جیاوازی ناکەن؟، ھەمیشە موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادیش مەرکەزیبوونی عێراقیان نەشاردووەتەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە بە مەرکەزیکردنی عێراقیش لەسەر حسابی ھەرێمی کوردسان و ئەو پارێزگایانە دەبێت، کە ھێشتا لە چوار چێوەی عێراقدا خۆیان ڕێک نەخستووەتەوە، ئەمە لە کاتێک دایە کە بەپێی دەستووری عێراق کۆمەڵێک دەسەڵات بە ھەرێمی کوردستان و ھەر ھەرێمێکی دیکە کە دروست ببێت دراوە”.

هه‌روه‌ها له‌كۆتایی دا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشووی پارتی ده‌شلێـ”بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی ڕاست و دروست لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادا ھەبێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، ئەوا حەق وایە و دەبێت ئەو حکوومەتەی کە دێتە سەر کار لەگەڵ لایەنە براوەکانی وەک یەکێتی و پارتی بکەوێتە دانوستان و بەشدارییان پێ بکرێت، چونکە کلیلی چارەسەریان لەدەستە و بە بۆچوونی من گۆڕان و کۆمەڵ و قەوارەکەی بەھەم ساڵح ئەگەر بەشداریشیان لە حکوومەتدا پێ بکرێت، ئەوا بەشدارییەکی رواڵەتییانە دەبێت”.

Back to top button