گۆڕانکاری لە ٦٠ پۆستی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ـی وه‌زاره‌تی پێشمەرگەدا دەکرێت

ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا پرۆژه‌یه‌كی چاكسازی ئاماده ‌كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێ بكرێت و ‌ئێستا پڕۆژه‌كه‌ له‌ بواری جێبه‌جێكردندایه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاره‌‌ گۆڕانكاری له‌ كۆمه‌ڵێك پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا بكرێت.
 
لیوا قاره‌مان كه‌مال، جێگری سه‌رۆكئه‌ركانی ئۆپراسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند: ” ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانی گۆڕانكاریی زیاتر له ‌60 پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی ده‌ركردووه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌وه‌كاله‌ گشتاندنی كردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی و ‌ئێستا ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی كراوه‌ و كۆمه‌ڵێك به‌رپرس گۆڕدراون و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌گۆڕدرێن.”
 
له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانیشەوە، لیوا قاره‌مان كه‌مال گوتی: “گۆڕانكارییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و یه‌كه‌كانی 70 و 80 كراون، كه‌ هه‌ندێك به‌رپرسی ‌وه‌زاره‌ت چوونه‌ته‌ یه‌كه‌كانی 70 و 80 و هه‌ندێ به‌رپرس له‌و دوو یه‌كه‌یەوە هاتوون بۆ وه‌زاره‌ت و هه‌ندێكیش له ‌ناو وه‌زاره‌ت گۆڕانكاری كراون.”
 
جێگری سه‌رۆكئه‌ركانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕاشیگه‌یاند: “ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ گۆڕانكاریشیان تێدا كراوه،‌ گرنگترینیان جێگری سه‌رۆكئه‌ركانی كاروباری ئیداره‌ و میره‌ و چه‌ندین به‌ڕێوبه‌ری گشتی و چه‌ندین جێگری به‌ڕێوبه‌ری گشتی و ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی لیواكان گۆڕانكارییان تێدا كراوه‌ و ژماره‌یه‌ك پۆستیش له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ماوه‌ و بڕیاره‌ به‌ زووترین كات فه‌رمانی ئه‌وانیش ده‌ربچێت.”
 
به ‌پێی زانیارییه‌كانیش ئه‌و پۆستانه‌ی ماوه‌ كه‌ بڕیاره‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانیان بۆ ده‌ربكات، گرنگترینیان ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و جێگری سه‌رۆكئه‌ركانی ئۆپراسیۆنه‌كانە.
Back to top button