نوری حهمه عهلی: دۆڕاوهكان دوای ئهوهی خیانهتهكهیان سهری نهگرت پاساو دههێننهوه
پێنجشەممەی رابردوو، دادگای فیدراڵی وەڵامی چەند سكاڵایەكی تایبەت بە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دایەوە، كە لەناو سكاڵاكانیشدا وەڵامی سكاڵایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەوەی كە داوای كردبوو دەنگی تایبەت و پێشمەرگە هەژمار بكرێن، چونكە بە پێی یاسا ئەوەی لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەر درابوو بەوەی دەنگەكان هەژمار نەكرێن، نایاساییە و ئەوان دەسەڵاتی وەها بڕیاردانێكیان نییە.
نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: “هەمیشە ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردندا دەدۆڕێن، سكاڵا تۆمار دەكەن و هەوڵی جۆراوجۆر دەدەن، بەڵام ئەوەی نائاسایی بوو، هەوڵی هەندێ لایەنی ناوخۆیی بوو بۆ سووتاندن و هەژمارنەكردنی دەنگی هێزە تایبەتەكان بە ئاساییش و پێشمەرگەوە! لە كاتێكدا ئەو هێزانە بێ جیاوازیی ئایدۆلۆژیای حیزبی، یان ئاینی، بەرگرییان لەم هەرێمە كردووە”.
ئهو ئهندامهی سهركردایهتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگهیاند: “هەر وەك جەنابی سەرۆك فەرمووی، بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین دەنگی هێزە تایبەتەكان هەژمار نەكرێن، دەكرا ئەو لایەنانەش هەمان هەڵوێستیان هەبووایە، چونكە كاتێ پێشمەرگە لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی دژ بە تیرۆریستان بەرگری كردووە، تەنیا لە لایەنێكی نەكردووە، بەڵكوو لە خاك و نیشتیمانی بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە كردووە و هەزاران پێشمەرگەیش لەو پێناوەدا گیانیان كردووەتە قوربانی، بە چ پێوەرێك ئەو لایەنانە ئەو هەوڵەیان داوە”.
سهبارهت به ئاوارهكانیش نوری حهمه عهلی گووتی: ناكرێ ئەوان ئاوارە بووبن و لە ژێر خێمەدا بژین و زێدی خۆیان جێ هێشتبێت و دەنگیشیان هەژمار نەكرێت، واتە ئەوان بۆیان نییە لەم وڵاتەدا هیچ بڕیارێكیان هەبێت و لە رێی دەنگدانەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، كە ئەوەش دوو جار زوڵمە لەو هاونیشتمانیانە، كە بە داخەوە ئەو لایەنانە لە كاتی بڕیاردان و هەوڵەكانیان ورد بیریان نەكردووەتەوە، ئەگەرنا ئەو جۆرە هەوڵانەیان نەدەدا.
ههروهها نوری حهمه عهلی ئهندامی سهركردایهتی پارتی گووتیشی :ئەو لایەنانە لە ئێستادا و دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە هەژماركردنی دەنگی هێزە تایبەتەكان و ئاوارەكان، ئێستا پەشیمانن لەو كارانەیان و لە رێی دەزگا راگەیاندنەكانی خۆیانەوە بیانوویان بۆ ئەو هەوڵە شكستخواردووانەیان هێناوەتەوە،بەڵام دوای ئەوەی هەوڵەكانیان سەری نەگرت، لێرە و لەوێ پاساو بۆ ئەو هەوڵە شكستخواردووەیان دەهێننەوە، ئەم جۆرە لایەنانە، تەنیا بۆ سەرخستنی هەژموونی ئەو لایەنانە دروست بوون كە دژی كورد و كوردستانن”.