پۆلیسی هه‌ولێر په‌یامێكی به‌په‌له‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

هه‌ڵمه‌تی بنبڕكردنی دیارده‌ی چه‌كداری و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆو جام ڕه‌ش له‌هه‌ولێر ده‌ستیپێكردو به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگاكه‌ش هۆشداریده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ئه‌مڕۆوه‌ مه‌فره‌زه‌كانمان ده‌ستبه‌كارده‌بن و له‌هه‌ر پله‌و پۆستێكدا بن ده‌ستگیرده‌كرێن.
 
عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: له‌ئه‌مڕۆوه‌ مه‌فره‌زه‌كانمان به‌مه‌به‌ستی بنبڕكردنی دیارده‌ی چه‌كداری له‌هه‌ولێر، ده‌ستبه‌كارده‌بن و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و به‌مۆڵه‌تیش ده‌گرین، چاوخشاندنه‌وه‌ به‌پێدانی مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كیش ده‌كرێت.
 
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێرهۆشداریشی له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌تداو گوتی:” ئه‌وانه‌ی چه‌كی بێ مۆڵه‌تیان پێیه‌و له‌ناو بازاڕو شه‌قام و ڕێگه‌وبانه‌كانن، له‌هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌كدا بن ده‌ستگیرده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ماڵه‌كانی خۆیان چه‌كیان هه‌یه‌، بابه‌تێكی تره‌”.
 
سه‌باره‌ت به‌ئۆتۆمبێلی جام ڕه‌ش و بێ تابلۆ، عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت ده‌ڵێت:” هه‌موو ئۆتۆمبێلێكی بێ تابلۆو علوج و جام ڕه‌ش، ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی ده‌ستگیرده‌كرێت”.
Back to top button