‌دووه‌م هاوپه‌یمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان راگه‌یێندرا

 

دوای ئه‌وه‌ی پێشتر ته‌نها یه‌ك هاوپه‌یمانێتی له‌ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی تۆماركرا, ئه‌مڕۆ یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی رایانگه‌یاند لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەك بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

كامیل مەحمود، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، ئەوان هەوڵیان داوە ئیسلامییەكان پێكەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە لەڕووی مەبدەئییەوە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی رێككەوتوون بەشداری هەڵبژاردن بكەن.

سەبارەت بە چۆنیەتی هاوپەیمانییەكەیان، ناوبراو وتی “ئەمجارە لەگەڵ یەكگرتوو بەناوێكی نوێ بەشدار دەبین، بۆ ناوەكەش چەند پێشنیارێك كراون، بەڵام ئەمشەو تا سبەینێ یەكلایی دەبێتەوە”.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقیش ئەو دوو حزبە لەنێو لیستێكدا كە لیستی یەكگرتوو بوو بەشدارییان كرد، بەڵام بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن كە پێشتر كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بڵاویكردەوە تەنها دوو كورسییان بەدەستهێنا و هیچ كاندیدێكی بزووتنەوە دەرنەچوون.

ئەمڕۆش سەییاح كورەچی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی راگەیاند، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی سبەینێ دوا وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانی لایەنەكانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەگەر وادەكە درێژ نەكرێتەوە، تائێستاش تەنها یەك هاوپەیمانی تۆماركراوە.

هەفتەی رابردوو حزبەكانی (سۆسیالیست دیموكرات، كرێكاران و رەنجدەران، یەكێتی نەتەوەیی) هاوپەیمانی (سەردەم)یان پێكهێنا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

Back to top button