قایمقامی قه‌زاری سۆران: به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر دراوسێكانمان شه‌رمه‌زارین

قائیمقامی سۆران ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی پەكەكەوە ئێمە لە بەرامبەر خۆمان و وڵاتانی دراوسێ شەرمەزارین و پەكەكە ڕێگە نادات ئاڵای كوردستان لەو ناوچانە هەڵبكرێت كەتیادان و ئەگەر پەكەكە بەردەوام بێت ئەوا ئەنجامەكەی باش نابێت .
 
كرمانج عیزەت قائیمقامی قه‌زای سۆران له‌ وتوێژێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگەیاند: بەهۆی پەكەكەوە ئێمە شەرمەزارین بەرامبەر خۆمان و وڵاتانی دراوسێ، چونكە ئێمە پارێزەرین لەو ناوچانە، پاراستنی سنوری وڵاتانی دراوسێ لە ئەستۆی ئێمەیە، بەڵام بەداخەوە پەكەكە تەنانەت ڕێگە نادات ئاڵای كوردستان لەو ناوچانە هەڵبكرێت، بۆیە ئەگەر پەكەكە بەردەوام بێت ئەوا ئەنجامەكەی باش نابێت و ڕەنگە شەڕی كورد و كورد دروست بێت كە ئێمە ئەوەمان ناوێت.
 
قائیمقامی قه‌زای سۆران گووتی: دەبێت هەر دەوڵەتێك بەپێی یاسای نێودەوڵەتی سەقامگیری دراوسێكەی بپارێزێت، بەداخەوە پەكەكە ئەو شەرمەزاریەی بۆ ئێمە دروست كردوە كە توركیا هەمیشە دێت لێرە دەدات و بۆمباران دەكات ئێمە بەو هۆكارەوە ناتوانین هیچ گفتوگۆیەك بكەین و ئێمە زۆر ناڕەحەتین هەموو ڕۆژێك لەبەرچاومان خەڵك شەهید دەبێت و هەموو ڕۆژێك فڕۆكە بۆردومان دەكات و چاودێری دەكات، بەهۆی پەكەكەكەوە زیاتر لە 111 گوند لە نزیك ناوچەی خواكورك ئاوەدان نەكراونەتەوە.
 
كرمانج عیزەت قائیمقامی قه‌زای سۆران گووتیشی: پەكەكە بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین ڕێز لە تایبەتمەندی حوكمەتی هەرێم بگرن، حكومەتی هەرێم هەرجوڵەیەك بكات ئەوان شەڕیان دەوێت، بۆیە ئەگەر ئەو بارودۆخە بەردەوام بێت ڕەنگە لە داهاتوو شتی ناخۆشی لێ بكەوێتەوە.
 
قائیمقامی سۆران ئەوەشی خستەڕوو:” بەداخەوە پەكەكە ئەو ناوچانە بەهی خۆی دەزانێت حكومەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی لەو ناوچانە نیە تەنانەت ڕێگە نادەن ئاڵای كوردستان بەسەر دامودەزگا و قوتابخانەكانی ئەو ناوچانە هەڵبكرێت و خەڵكی ئەو گوندانە هیچ پەیوەستیەكیان بەحكومەتی هەرێمەوە بمێنێت و جار بەجار مامەڵەیان لەگەڵ خەڵك توندتر دەبێت.”
 
كرمانج عیزەت ئاماژەی بەوەش كرد:” خەڵك بۆ خۆی بێزارە لەوەی كێشەی توركیا و پەكەكە بێتە سەرخاكی كوردستانی عێراق، ئەوە شەڕی خەڵكی كوردستانی عێراق نیە هاتۆتە ئێرە، خەڵك چاوی لەوەیە توركیا و پەكەكە شەڕی خۆیان ببەنەوە بۆ ناو توركیا، خەڵك لەدوای ڕاپەڕینەوە ئیسراحەتی لەو ناوچەیە نەكردووە هەست ناكەن ئەوان ئازاد بون، بەڵام پەكەكە ئەو ناوچانە بە هی خۆیان دەزانن چەندین ناویان لەو ناوچانە ناوە وەك هەرێمی میدیا و چەند ناوێكی تر”.
Back to top button