پەكەكە لەعێراقیش دژی كوردان بەكار دەهێنرێت

خواكوڕك
 
هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانى ئاستى گرژى لێدوانه‌كانى نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌, زانيارى ئه‌وه‌ دزه‌ى كردووه‌, كه‌ حكومه‌تى عێراق پشتيوانى ئه‌و رێكخراوانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ لاى توركياوه‌ تيرۆريستن و باره‌گاى حزبييان له‌ كه‌ركووك و ژماره‌يه‌ك پارێزگاى ديكه‌ى كوردى كردووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى حكومه‌تى توركيا له‌ حاڵێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ سووربێت له‌سه‌ر به‌شداريكردنى له‌ پرۆسه‌ى سه‌ربازى كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى مووسڵ.
 
زانيارييه‌كان له‌ لايه‌ن سه‌رچاوه‌ خۆجێيه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووكه‌وه پشتڕاستكراونه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن, حكومه‌تى عێراق مانگانه‌ نزيكه‌ى 800 دۆلار ده‌داته‌ هه‌ر ئه‌ندامێكى پارتى كرێكارانى كوردستان كه‌ له‌ پارێزگاكه‌دا ژماره‌يه‌ك باره‌گاى حزبى هه‌يه‌.
 
كرده‌وه‌كانى ئه‌و پارته‌ كه‌ توركيا و ئه‌مريكا و وڵاتانى ئه‌وروپا به‌ تيرۆريستى ناويانده‌به‌ن، له‌ پارێزگاكه‌دا بريتيين له‌ رفاندن و به‌ زۆر راپێچكردن بۆ سه‌ربازى له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشينه‌كاندا و له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تيشدا رفێندراوه‌كان ده‌كوژن ئه‌گه‌ر بێت و خۆيان يان كه‌سوكاريان ره‌تيبكه‌نه‌وه‌ په‌يوه‌ندى به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ بكه‌ن.
 
سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بن عه‌لى يه‌ڵدرم جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌, كه‌ وڵاته‌كه‌ى هه‌ڵوێستى دوژمنانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ عێراق و يه‌كێتى خاكى نيشتيمانى عێراق نييه‌, به‌ڵام ئه‌و ده‌بێت به‌رپرسيارێتى راگرتنى ململانێكان و گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى بۆ ناوچه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.
 
داواشى له‌ حكومه‌تى به‌غدا كرد, رێككارى پێويست بگرێته‌ به‌ر له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌ى ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌سه‌ر خاكى عێراقه‌ و له‌وێوه‌ ده‌يه‌وێت زه‌فه‌ر به‌ ئاسايشى توركيا به‌رێت و پێويسته‌ عێراق له‌و باره‌يه‌وه‌ شتێك بكات پێش ئه‌وه‌ى هيچ قسه‌يه‌ك بكات.
 
له‌ لێدوانێكدا بۆ خه‌ليج ئۆنلايه‌ن يه‌كێك له‌ كه‌سايه‌تييه‌ به‌رچاوه‌كانى شاره‌كه‌ كه‌ داوايكرد ناوى نه‌هێنرێت رايگه‌ياند، باره‌گاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ كه‌ركووك هه‌ن و له‌سه‌ر رێگه‌ى به‌غدان. ئه‌و باره‌گايانه‌ خانوون و له‌ لايه‌ن يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستانه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمارى پێشووى عێراق سكرتێريه‌تى به‌كرێ گيراوون.
 
ئه‌و سه‌رچاوه‌يه‌ جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌, ئه‌و ماڵه‌ به‌كرێگيراوانه‌ تايبه‌ت كراوون به‌ سه‌رپه‌رشتيكردنى كۆمه‌ڵه‌كانى سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌  و له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشينه‌ كوردييه‌كانى پارێزگاكه‌ به‌ تايبه‌تى له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى په‌نجا عه‌لى و شۆڕيجه‌ و داقووق و رێگه‌ى له‌يلان هه‌ن و به‌شداريشيان له‌ شه‌ڕى رزگاركردنى گوندى به‌شير له‌ باشوورى كه‌ركووك كردووه‌ له‌ ده‌ستى چه‌كدارانى داعش.
 
ئه‌نقه‌ره‌ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى به‌شدارى له‌ شه‌ڕى مووسڵ بكه‌ن به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌ له‌ هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش. هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى سنووره‌كانى له‌ دزه‌ كردنى ئه‌ندامانى رێكخراوى داعش بۆ ناو سنووره‌كانى و روودانى كۆچێكى ديكه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان له‌ باره‌يه‌وه‌ هۆشدارى داوه‌ و مه‌زنده‌ى كردووه‌ زياتر له‌ مليۆنێك كه‌س ئاواره‌ بن.
 
سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد, هه‌مووان ده‌زانن هۆكارى ره‌تكردنه‌وه‌ى به‌شدارى توركيا له‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌ لايه‌ن عه‌بادييه‌وه‌ بۆ ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. چونكه‌ ئێران وه‌ك نێوانگيرى په‌كه‌كه‌ و حكومه‌تى عێراقه‌. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ هێشتا خاوه‌ندارێتى له‌ بنكه‌يه‌كى گه‌وره‌ و به‌هێز له‌ چياى مه‌خموور ده‌كات.
 
ئه‌وه‌شى وت: حكومه‌تى عێراق زۆر باش زانيارى له‌ باره‌ى هه‌موو چالاكييه‌كانيانه‌وه‌ هه‌يه‌ و جووڵه‌ ناكات و بێده‌نگه‌ به‌ڵام به‌خه‌به‌ر هاتووه‌ كاتێك توركيا رايگه‌ياندووه‌ به‌شدارى له‌ شه‌ڕى مووسڵ ده‌كات ئه‌وه‌ش به‌ هۆى فشارى ئێرانه‌وه‌يه‌.
 
ئه‌نقه‌ره‌ داواى له‌ به‌غدا كردووه‌، ميليشياكانى شيعه‌ له‌ شه‌ڕى مووسڵ به‌شدارى نه‌كه‌ن و رێگه‌ بگرێت له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ى ئه‌و پێشێلكاريانه‌ى ئه‌و ميليشيايانه‌ به‌ پشتيوانى ئێران له‌ پارێزگا سوننه‌ مه‌زهه‌به‌كاندا ئه‌نجامياندا و به‌ هۆيانه‌وه‌ په‌نابه‌رێكى زۆر روويان له‌ توركيا كرد و حكومه‌تى عێراق هيچ خێوه‌ت و هاوكارييه‌كى پێويستى پێ نه‌گه‌ياندن.
 
هه‌روه‌ها سه‌رۆك ئه‌ركانى پێشووى سوپاى عێراق بابه‌كر زێبارى به‌رپرسيارى خسته‌ ئه‌ستۆى عێراق له‌ باره‌ى لاوازى سوپا و شوێنكه‌وتنى سياسه‌تى هه‌ڵه پێگه‌ى داعشى به‌هێز كرد. ئه‌وه‌شى گوت: به‌شدارى په‌كه‌كه‌ له‌و پرۆسانه‌ ده‌بێته‌ مه‌رتسييه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌كان له‌ لايه‌ك و هه‌رێمى كوردستان له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى حه‌شدى شه‌عبى شيعه‌ له‌ شه‌ڕى مووسڵدا زێبارى هۆشدارى دا له‌ ته‌قينه‌وه‌ى ململانێى ناوخۆى نێوان ميليشياى حه‌شد و هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ خاڵى به‌ريه‌ك كه‌وتنى نێوانيان.
 
سه‌باره‌ت به‌ بوونى ئه‌ندامانى په‌كه‌كه‌ له‌ عێراقدا، زياتر له‌ 658 گوند له‌ گونده‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ژێر كۆنترۆڵى په‌كه‌كه‌دان و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌, به‌شى زۆرى ئه‌و گوندانه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوورى پارێزگاى دهۆكه‌وه‌. به‌ گوێره‌ى وته‌ى به‌رپرسێك له‌ پارێزگاكه‌ زۆرێك له‌و گوندانه‌ به‌ هۆى كرده‌وه‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ خزمه‌تگوزارييان پێ نه‌گه‌يشتووه‌، به‌و پێيه‌ى به‌ رۆژى نيوه‌ڕۆ كرده‌وه‌ى رفاندنيان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.
 
س: كوردستان 24
Back to top button