یه‌كێتی له‌پاش راده‌ستكردنی كه‌ركوك به‌ حه‌شدی شه‌عبی داوای پاراستنی ده‌كات

پاش داگیرکردنی کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو کە بە هاوکاریی گرووپێکی خیانەتکاری ناو یه‌كیتی ڕووی دا و دوای نەمانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانە، ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچانە زۆر خراپ بووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دیاردەی کوشتن، ڕفاندن ڕوو لە زیادبوونە و داعش خەریکە چالاکییەکانی لەو ناوچانە زیاتر دەکات،له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، كورد (33) پۆستی له‌ شاری كه‌ركوك له‌ ده‌ستداوه‌.
 
ئه‌ڵماس فازڵ، بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتی ، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست ” خواكوڕك” كه‌وتووه‌ وتێیدا ئاماژه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت:” رووداوى ته‌قه‌كردن و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر هاووڵاتییان به‌شێوه‌یه‌كى عه‌شوائی و فزوڵی و ترساندن و ڕێگریكردن له‌ هاووڵاتییان له‌ بازگه‌كانى كه‌ركووك له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، هاوكات به‌رگرینه‌كردن له‌ گوندنشینانی كوردى سنوورى داقووق و و نه‌پاراستنى مه‌له‌فی ئه‌منیى پارێزگاكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى تۆكمه‌ و پارێزراو، بۆته‌ مایه‌ى دڵه‌ڕاوكێ و ترس لای هاووڵاتییان، ئه‌و دۆخه‌ كه‌ دواترینیان شه‌هیدكردنى ژنێكى به‌ته‌مه‌ن و برینداركردنى سێ كه‌سی تر بوو له‌ كه‌ركووك و لێدان له‌ چه‌ند گه‌نجێكى شاره‌كه‌ له‌ ناوچه‌ى سه‌قزلی، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت راشكاوانه‌ ئه‌وه‌ بخه‌یه‌نه‌ ڕوو كه‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ى ئێستا له‌ شاره‌كه‌ن، ناتوانن ئه‌منییەت و سه‌لامه‌تیى هاووڵاتییان بپارێزن، بۆیه‌ جارێكى دیكه‌ داواى دروستكردنى ژوورێكى هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌ به‌شداریى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش ده‌كه‌ین.
 
بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتی له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاندووه‌” گوندنشینانی كاكه‌یی له‌ سنوورى داقووق، ئێستا به‌ر شاڵاوێكى نه‌گریس و هه‌ڕەشه‌ى داعش بوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و هێزه‌یش له‌وێ جێگره‌ نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست به‌رگرى له‌ گوندنشینان بكات… هه‌روه‌ها پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى كه‌ركووك نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئه‌ركى سه‌رشانى هه‌ڵبسێت و ببێته‌ نوێنه‌رى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كه‌ركووك و دەرباره‌ى چه‌ندین پرسی تاكلایه‌نانه‌ دژی پێکهاته‌ى كورد، كه‌ زۆرینه‌ى شاره‌كه‌ پێكدێنیت، بڕیاری داوه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین ئه‌و لێژنه‌یه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كان و ته‌قه‌كردن له‌ هاووڵاتییان له‌ شاره‌كه‌ پێكهێنراوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كانى بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكات”.
 
Back to top button