پرسی چاكسازی له‌ نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تدا

بڕیاربوو ئەمڕۆ سێ شه‌ممه‌ 26ی 6ی 2018  په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازییه‌وه‌ گفتوگۆ بكرێت، به‌ڵام پڕۆژه‌ یاساكه‌ له‌به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌ماندا نییه‌، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێ، ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا كراوه‌ ده‌بێت به‌ هه‌ماهه‌نگی بێت له‌نێوان په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت،ماده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ خانه‌نشینی پله‌ تایبه‌ته‌كان و ده‌رماڵه‌كان خاڵی ناكۆكی نێوان فراكسیۆنه‌كانه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاساكه‌وه‌.
 
شوان شێخ ئه‌حمه‌د، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: “تائێستا ھاوكاری و ھەماھەنگیمان لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم نەبووە، بۆیە نەمانتوانیوە ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامبدەین كە لەبارەی پڕۆژەی چاكسازی بڕیاری لێدرابوو، لەبەر ئەوە پێویستە ھەماھەنگی لەنێوان پەرلەمان و حكوومەت دروست بكرێت، بەڵام گرنگی پڕۆژەكە لەوەدایە كە زووترین كاتدا جێبەجێ بكرێت، كە لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی كوردستان دەبێت”.
 
لای خۆیه‌وه‌ فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گووتی: “پەرلەمان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی خانەنشینی، نامەیەکی ئاراستەی حکومەت کردووە و چاوەڕێی وەڵامی حکومەتین”. گوتیشی، دوای ئەوەی حکومەت وەڵامیداینەوە، راستەوخۆ ئەو پرسە دەخرێتە خشتەی کاری پەرلەمان. ئاماژەی بەوەشدا، فراکسیۆنی پارتی سوورە لەسەر تێپەراندنی ئەو یاسایە و پەسندکردنی لە پەرلەمان”.
 
هه‌روه‌ها عومه‌ری حاجی عینایه‌ت، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت: “ئەگەر پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن و موزایەدەی سیاسی نەبووایە، ھەموومان كۆكبووین لەسەر پڕۆژە یاساكە، بەڵام ھەڵبژاردنی نەعلەتی كە حزبەكانی كوردستان نازانن ئەنجامی بدەن، خەڵكی كوردستانی پێ فریودەدەن و دواتر بەڵێنەكان جێبەجێ ناكەن”.
 
پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ 24 مادده‌ پێكهاتووه‌، بە گوتەی ژمارەیەك پەرلەمانتار به ‌په‌سندكردنی مانگانه‌ی نزیكه‌ی 100 ملیار دینار بۆ گەنجینەی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ و ده‌تواندرێت به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم كۆتایی به‌ سیستمی پاشەكه‌وتی مووچه‌ بهێنێت.
Back to top button