پوتین: کۆمپانیاکانی نەوت و گازی ڕووسیا چالاکییەکانیان لە هەرێمی كوردستان فراونترکردوە
لهدوای ئهوهی كۆمپانیاكانی بهرههمهێنان له بواری نهوت و گازی رووسی, له ئێستادا كۆمپانیا رووسیهكان جێی خۆیان له ههرێمی كوردستان قایمتر كردووه به تایبهت كۆمپانیانی رووس نهفت, ههروهها فلادیمێر پوتین رایگهیاند كه كۆمپانیاكانمان چالاكیهكانیان فراوناتر كردووه.ِِِِ
لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووری سان پترسبۆرگ کە ٢٥ی ئایاری ڕابردوو لە ڕووسیا بەڕێوەچوو، نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای ڕوسنەفت ڕێککەوتنێکی نوێیان بۆ پێشخستنی ژێرخانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان واژۆکرد کە بە سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەپێی گرێبەستێکی پێشووش کە ساڵی ڕابردوو لە نێوانیاندا واژۆکرابوو، ڕۆسنەفت ڕەزامەندی نیشاندا بۆرییەکی غازی سروشتی لە هەرێمەوە بۆ ناو خاکی تورکیا بونیادبنێت کە دەتوانێت لە ساڵێکدا ٣٠ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی بۆ سەر دەریای ڕەش و لەوێشەوە بەرەو کیشوەری ئەوروپا بگوازێتەوە، کە ئەوەش وادەکات ڕووسیا مەودای دەسەڵاتەکانی ڕووسیا لە بواری ووزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر ببێت.
لەو چوارچێوەیەشدا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا جەختیکردەوە کە گرێبەستەکانیان لەو بوارەدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان داهاتوویەکی ڕۆشن و مەودایەکی هێجگار فراوانی دەبێت.
ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای ڕوسنەفت کارەکانی هەناردەکردنی نەوت و ڕاکێشانی بۆری غازی لە هەرێم گرتەدەست و لە بەرامبەریشدا ڕازیبوو بڕی دوو ملیار دۆلار پێشەکی وەک قەرز بداتە هەرێم، بەڵام ڕێککەوتنەکە لەلایەن بەغداوە دانی پێدا نەنرا و بە نایاسایی وەسفکرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، بەو پێیەی ئەمریکا ستراتیژیی توندوتۆڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستداوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم پەنایان بۆ ڕووسیا بردووە تا وزەکەی پێ بخاتە بازاڕەکانی جیهانەوە، ئەوە جگە لەوەی مۆسکۆ لەکاتی ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق وتبووی کە ڕێز لە خواستی گەلی کورد دەگرێت، لەکاتێکدا واشنتۆن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیانتێکرد.
ئاماژەکان دەریدەخەن کە پێناچێت هەڕەشە و فشارەکانی بەغدا بۆ سەر کۆمپانیا ڕوسییەکە هەمان ئەنجامی ئەو هەڕەشانەیان هەبێت کە کردیانە سەر کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبێلی ئەمریکی. بەوەش ڕووسیا هەژموونی خۆی لە عێراقدا هاوشێوەی سوریا زیاتردەکات و لە بەرانبەریشدا دەسەڵاتە ئابورییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پاشەکشەدەکات.
کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە کاتێک هەردوو کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ و گازپرۆم ژمارەیەک گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆکرد.
هەرچی کۆمپانیای ڕوسنەفتیشە کە ئێستا پشکی شێری لە بواری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمدا هەیە، ساڵی ٢٠١٧ بڕی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بە قەرز دایە حکومەتی هەرێم تا کێشە داراییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی چارەسەربکات، هەر لەو ساڵەشدا ژمارەیەک گرێبەستی وزە لە نێوان ئەو کۆمپانیایە و حکومەتی هەرێم واژۆکران.
لە ڕاپۆرتەکەی پەیمانگای واشنتۆندا جەختکراوەتەوە، کە دەبێت هەرێم بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکات لەبارەی کاریگەری درێژخایەنی نزیکبوونەوە لە مۆسکۆ، چونکە ئەو وڵاتە هەمیشە کوردەکانی بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندی خۆی نەک پشتیوانی کرداریی پرسی سەربەخۆییان، هەروەها ڕەنگە ئەو سیاسەتەی پەیڕەویدەکەن ناکۆکبێت لەگەڵ خواستی هاوڵاتیانی کورد کە داوای چاکسازی ئابوری دەکەن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەهۆی جەنگی داعشەوە بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا، ڕەنگە لە ئێستادا زۆر گوێنەدەنە نزیکبوونەوەی کورد و مۆسکۆ بەتایبەت دوای ئەوەی هەرێم ڕەتیکردەوە گوێ لە ئەمریکا بگرێت بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، بەڵام دەبێت تێبگەن تا کاتێک ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناڕوونی بمێنێتەوە، هەندێک هێزی لۆکاڵی چاو دەبڕنە ڕووسیا بۆ مانەوەیان، کە ئەوەش بۆ ماوەیەکی درێژ زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت.
پەرەپێدانی كەرتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، لەسەر سەركەوتنی پرۆژەكانی كۆمپانیای ڕوسنەفت وەستاوە كە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ڕووسیایە و بەڕێوەبەرەكەشی گەورەترین ڕاوێژكاری ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیایە كە جگە لە بەڕێوەبردنی كاروباری نەوت، وەك دیپلۆماتكارێكی ڕووسی خۆی دەنوێنێت و ئامانجەكانی پوتین لە ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا جێبەجێدەكات.