عوقدەی حەقارەت
زكری موسا
هۆشیار عەبدوڵڵای پارلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا دەڵێ: ” كێشەكانی كوردستان دەبەینە بەغدا و دەبێ كوردستان ئیلتزام بە بڕیاراتی پارلەمانی عێراق بكات”.
ئەو وتەیە چەندین كێشەی هەیە:
یەكەم: نادیتەگرتنی كوردستانە وەك قەوارەیەی سیاسی و یاسایی كە سەلاحیاتی خۆی هەیە. بەپێی دەستوور بەغدا بۆی نییە دەست لە كاروبارری هەرێم وەربدات.
دووەم: بردنی كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان بۆ نێو كەشوهەوای تاییفی و شۆڤینیی بەغدا ئەوپەڕی خۆبەكەمزانینە و لە عوقدەی حەقارەتەوە دێت بەرانبەر خەڵكی تر. ڕەوایەتیدانە بەوەی خەڵكی ناكوردستانی بڕیار لە چارەنووسی كوردستان بدات. ئەوە هەمان بەجێگەیاندنی ئەو خەونەیە كە دەیەوێ كوردستان بچووك بكاتەوە و بیكاتە پارێزگایەكی وەك سەلاحەدین و سەماوە.
سێیەم: ڕەهەندێكی ئەو بۆچوونە بۆنی جاشایەتی لێ نیشتووە. ڕێك ئەو شتەیە كە ڕەوتی شۆڤینی و تاییفی بە سەرۆكایەتیی مالیكی گەرەكیەتی.
چوارەم: بەشێكە لە هەوڵ و تەقەڵای بەرەی نێوخۆیی دژەسەربەخۆیی كوردستان بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان و ئاڵۆزەكردنی دۆخەكە و دروستكردنی ئەو بڕوایە لای دەستەڵاتدارانی بەغدا و وڵاتانی هەرێمایەتی كە گەلی كوردستان سەربەخۆیی ناوێت. پێدانی بیانوویە بە شۆڤینییەكانی بەغدا كە لەسەر دژایەتیكردنی كوردستان مكوڕتر بن.
پێنجەم: كێشە سیاسییەكانی كوردستان دەكرێ چارەسەر بكرێ ئەگەر دەستبەرداری ڕقی كوێرانە و عەبەسیەتی سیاسی و حەزی تێكدان بن. ئەگەر بە خۆیان بوەستن و لە عوقدەی حقارەت ڕزگاریان بێت.