نه‌ینه‌وا چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ داعشدا هه‌یه‌

به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتیی‌ له‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا مه‌ترسی شانه‌ نوستوه‌كانی‌ داعش و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان له‌سنوره‌كه‌ ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، “چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی پیلانی خاپوركردنی‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانیان به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ داعشدا هه‌یه‌”، ده‌شڵێت:”له‌كاتی‌ بونی‌ هه‌ر مه‌ترسیه‌كدا هه‌ردولایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ یه‌كێتیی‌ و پارتی‌ ده‌سته‌وه‌ستان نابن و به‌كارهێنانی‌ هێز بۆ پاراستنی‌ ئه‌و ناوچانه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌بژارده‌كان”.
 
غه‌یاس سورچی كارگێڕی‌ مه‌ڵبه‌ندی نه‌ینه‌وای‌ یه‌كێتیی ڕایگه‌یاند: “هه‌رچه‌نده‌ له‌سنوری‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان كورد جگه‌ له‌سه‌نته‌ری‌ قه‌زای‌ شێخان ئیداره‌ی‌ هیچ ناوچه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام تادێت مه‌ترسیه‌كانی‌ داعش له‌سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا هاوشێوه‌ی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ڕوو له‌زیادبون ده‌كات”.
 
كارگێڕی‌ مه‌ڵبه‌ندی نه‌ینه‌وای‌ یه‌كێتیی ڕاشیگه‌یاند:”له‌سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردی هه‌یه‌ كه‌ سوپای‌ عیراق توانای‌ پاراستنی‌ نه‌ماوه‌و دانیشتوانه‌كه‌شی‌ بۆخۆیان پارێزگاری‌ له‌ناوچه‌كه‌یان ده‌كه‌ن”.
 
غه‌یاس سورچی كارگێڕی‌ مه‌ڵبه‌ندی نه‌ینه‌وای‌ یه‌كێتیی ده‌ڵێت:”له‌ئێستادا چه‌كدارانی‌ داعش شانه‌ی‌ نوستویان له‌سنوره‌كه‌ هه‌یه‌و كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عه‌ره‌بنیشیندا ئه‌نجامده‌ده‌ن”.
 
به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ هۆشداریدا كه‌چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ داعشدا كردوه‌و له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان كه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ كوردی له‌سنوری‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان خاپور بكه‌ن، جگه‌له‌وه‌ش چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ داعشدا هه‌یه‌.
 
غه‌یاس سورچی كارگێڕی‌ مه‌ڵبه‌ندی نه‌ینه‌وای‌ یه‌كێتیی جه‌ختی كرده‌وه‌”له‌كاتی‌ بونی‌ هه‌ر مه‌ترسیه‌كی‌ له‌و شێوه‌یه‌دا یه‌كێتیی‌ و پارتی‌ ده‌سته‌وه‌ستان نابن و جوڵه‌پێكردنی‌ هێز یه‌كێك ده‌بێت له‌بژارده‌كانیان”.
Back to top button