خولی سێیەمی پەرلەمان له‌ 45 كاتژمێری داهاتوودا کۆتایی دێت

لە 45 كاتژمێری داهاتوودا بەڕەسمی كۆتایی بە كاری ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دێت و شارەزایەكی بواری یاساییش لەعیراق رایدەگەیەنێت، لەدوا نیوەڕۆی رۆژی شەممەوە دەبێت بڵێن “بای بای پەرلەمانی عیراق”. ئاشكراشیدەكات، لەدوای ئەو وادەیەوە هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاران نامێنێت و حەسانەشیان كۆتایی دێت.
 
تارق حەرب، شارەزای بواری یاسا لەعیراق، رایگەیاند: دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 30ی 6ی 2018 لەدوای كۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی، ماوەی یاسایی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆتایی دێت و هیچ ناوێك نامێنێت بەناونیشانی (خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە).
 
تارق حەرب گوتی:” لەدوای ئەو وادەیەوە، دەبێت بڵێین (بای بای پەرلەمانی ئەم خولە)، تەنانەت پۆستی پەرلەمانتارەكانیش دەبێت بە پەرلەمانتاری پێشووی عیراق، چونكە هیچ جۆرە ناونیشان و موچەو دەرماڵەو حەسانەیەكیان نامێنێت”.
 
تارق حەرب، شارەزای بواری یاسا لەعیراق،راشیگەیاند: درێژكردنەوەی كارەكانی نوێنەران كۆتایی هات، چونكە تەنها دەتوانرێت لەڕێگەی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراقەوە ئەو درێژكردنەوەیە بكرێت، كە ئەوەش لەئێستادا مەحاڵە.
 
تارق حەرب گوتیشی: شتێك نییە بەناوی بۆشایی دەستوورییەوە، بەڵكو بۆشایی پەرلەمانی دروست دەبێت، بەو واتایەی پەرلەمان و پەرلەمانتارمان نامێنێت، بەڵام بۆشایی دەستووریی بەمانای پشێوی و سەرگەردانی وڵات و نەبوونی یاساو پۆلیس و ئاسایش دەگەیەنێت.
 
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ 28ی 6ی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەران، كە رێژەی یاسایی تەواو نەكرد، ئەو لایەن و پەرلەمانتارانەی بێ ئومێد كرد، كە ویستی درێژكردنەوەی كارەكانی ئەنجومەنەكەیان هەبوو.
 
 
 
Back to top button