راگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

دوای ئەوەی ژمارەیەک بەلێندەر  ناڕەزایەتیان دەر بڕی لەبەرامبەر پێنەدانی مافە دارییەکانیان، وەزیری دارای لەگەڵ یەکێتی بەڵێندەران/لقی سلێمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە کێشەکانی بەڵیندەران گفتوگۆی وردی لەسەرکرا.

لە راگەیەندراوەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ (خواکوڕ) نێردراوە، وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت، رێباز حەملان، وەزیری دارایی لە سلێمانی لەگەڵ زۆربەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتەکەی کۆ بووەتەوە.

رێباز حەملان داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتەکەی کردووە هەموو رۆژانی دەوامی هەفتە دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان، بکەنەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە کۆبووەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٨/٦/٢٠١٨، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی لەگەڵ یەکێتی بەڵێندەران/لقی سلێمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە کێشەکانی بەڵیندەران گفتوگۆی وردی لەسەرکرا، وەزیری دارایی و ئابووری پشتگیری داواکاریەکانی کردن و بەڵێنیدا کە ھەوڵدەدات بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە داواکاریەکانیان.

دواتر وەزیری دارایی و ئابووری لە نوسینگەکەی چاوی کەوت بەو ھاوڵاتیانەی کە سەردانیان کردبوو بۆ رایکردنی مامەڵەکانیان.

ھەروەھا سەردانی گشت بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی دووی سلێمانی کرد و لەگەڵ ھەموو بەشەکان گفتوگۆی کرد سەبارەت بە چۆنیەتی ئیشوکاریەکانیان و گوێی لە داواکاریی فەرمانبەران گرت لەگەڵ چۆنیەتی رایکردنی مامەڵەی ھاوڵاتیان.

لە ھەمان رۆژدا رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری لە  ھۆڵی بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەربەوەزارەتی دارایی و ئابووری لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین  کرد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی و ئابووری سوپاسی گشت بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی کرد و ھەروەھا تیشکی خستەسەر  رایکردنی مامەڵەی ھاوڵاتیان لەگەڵ ئیشوکاری بەڕێوەبەرایەتیەکانیان لە نوسینگەی تایبەتی خۆیی لە سلێمانی بۆ زیاتر کار ئاسانی کردن و خێرای راپەڕاندنی مامەڵەی ھاوڵاتیان و داوای  لە گشت بەڕێوەبەرەکان کرد کە ھەموو رۆژانی دەوامی ھەفتە دەرگای بەڕێوەبەرایەتیەکانیان کراوەبێت بۆ رایکردنی مامەڵەکان بە رەچاو کردنی باری دارایی فەرمانبەران.

ھەروەھا سەرجەم بەڕێوەبەرەکان تێبینی و پێشنیارەکانیان خستەڕوو، لە گفتوگۆیەکی کراوەدا بەشێک لە کێشەکان چارەسەرکران.

پاش نیوەڕۆی ھەمان رۆژ وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی خانەوادەی خوالێخۆشبوو کاک شێخ باییز تاڵەبانی، وەزیری پێشووی دارایی و ئابووری کرد و سەرەخۆشی خۆیی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەتی  بە خانەوادەی خوالێخۆشبوو گەیاند.

دواین وێستگەیی سەردانی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی ماڵی سالار غەریب، بەڕێوەبەری پێشوی بانکی ئاشتی سلێمانی کرد کە بەھۆی نەخۆشیەوە لە حالەتی بێھۆشیدایە و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست

Back to top button