لاهور جه‌نگی ژماره‌یه‌ك بكوژی هه‌ڵهاتوو داڵده‌ ده‌دات

ژماره‌یه‌ك بكوژی داواكراو به‌ ماده‌ی 406ی كوشتن له‌ یاسای سزادانی عێراق له‌ هه‌ولیری پایته‌ختی كوردستان تاوانیان ئه‌نجام داوه‌و هه‌لهاتوون به‌ره‌و سلێمانی وله‌لایه‌ن لاهورجه‌نگی داڵده‌ دراون و ڕاده‌ستی یاسا ناكرێن.
 
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا 20ی حوزه‌یرانی2018، چه‌ند هه‌ڵهاتوویه‌ك له‌ده‌ستی یاساو عه‌داله‌ت كه‌ تاوانی كوشتنیان ئه‌نجام داوه‌ و به‌گوێره‌ی ماده‌ی 406ی یاسای سزادانی عێراق داوا كراون، تا ئێسته‌ نه‌گیراون و ژماره‌یه‌كیان له‌ سلێمانی له‌لایه‌ن لاهور جه‌نگیه‌وه‌ داڵده‌ دراون.
 
لای خۆیه‌وه‌ عه‌میدی مافپه‌روه‌ر عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر، ڕایگه‌یاند:” ده‌یان جار به‌ فه‌رمی داوامان له‌ ده‌سه‌ڵاتی سلێمانی كردووه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن تا دادگایی بكرێ، به‌ڵام ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامی ئێمه‌یان نه‌داوه‌، دوای ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یش كه‌ بۆ گرتنی تاوانبار و بكوژان ده‌ستی پێ كردووه‌، جارێكی تریش داوایان لێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و بكوژانه‌ی لای ئه‌وانن، راده‌ستی دادگایان بكه‌ن.
 
عبدولخالق ته‌لعه‌ت گوتیشی : لێره‌وه‌ داوا له‌ پۆلیسی سلێمانی ده‌كه‌ین كه‌ به‌ده‌م داواكارییه‌كانی دادگاوه‌ بێن و تاوانباران ڕاده‌ست بكه‌نه‌وه‌، هه‌ر كه‌سێكیش له‌ سنووری ئێمه‌ له‌ دادگاكانی سلێمانی داوا كراوه‌ و تاوانبار بووبێت، پێشتر ڕاده‌ستمان كردوون و له‌ داهاتوویش ڕاده‌ستیان ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێ یاسا له‌ هه‌موو كوردستان سه‌روه‌ر بێ.
 
هه‌روه‌ها بۆتان به‌كر شوانی سكرتێری ده‌سته‌ی مافی گشتی له‌ داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان، ده‌لێت:” له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ناوخۆ، ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان و سه‌رۆكی داواكاری گشتی له‌ هه‌ولێر، لیژنه‌یه‌ك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانبارانه‌ پێكهێنراوه‌، له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش هه‌ر بكوژ و تاوانبارێك لای هه‌ر لایه‌ن و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و به‌رپرسی حزب و سه‌رۆكی حزبێك، داڵده‌ درابێ، ده‌بێت ڕاده‌ستی دادگای ده‌كاته‌وه‌”.
Back to top button