نەوت وگاز لە نێوان ماددە ١١٢ ی دەستور و یاسای وەزارەتی نەوتی ساڵی ١٩٧٦ ی عێراقدا

د. ئامانج رەحیم
دواجار دادگای باڵای فیدڕاڵی، لە دانیشتنی چوارەمی دادبینی ڕۆژی ٢٧-٦-٢٠١٨ لە دەعوای ژمارە (٥٩)ی وەزارەتی نەوتی عێراق بەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئاڕاستەی دادگای بۆ ڕاڤەكردنی هەردوو ماددەی (١١١) و (١١٢)ی دەستووری عێراقی دیاریكرد، دوا ماوەش (مهلة) دیاریكرا بۆ لایەنەكانی داوا كە تاوەكو ٤-٨-٢٠١٨ وەڵامی پرسیاری دادگا بدەنەوە.
پشتبەستن بە دەقی ئۆرجناڵی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پیشەییانە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینەڕوو:
یەکەم: لە بڕیاری ڕۆژی ٢٧-٦ ی دادگای فیدرالی هاتووە كە: (وەزارەتی نەوتی عێـراق لە داواكەیدا پشتیبەستووە بە ماددەی (١١١)ی دەستوور كە تیایدا هاتووە (النفط والغاز هو ملك كل الشعب العراقي فی كل الأقالیم والمحافظات)، دادگای فیدڕاڵیش پێی وایە ئەم ماددەیە حوكمێكی گشتی داناوە بۆ سامانی نەوت و گاز، لە هەمان كاتدا دادگای باڵای فیدڕاڵی دەڵێت دەستووری عێراقی لە ماددەی (١١٢) نەخشەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی حوكمی گشتی ماددەی (١١١)ی داڕشتووە، كە دەبێت بە پێی قانونێك بێت كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێـراق تەشریعی دەكات و تا ئێستا دوای تێپەڕبوونی (١٢) دوانزدە ساڵ بەسەر دەستووردا، دەرنەچووە، بەپێـی ئەم لێكدانەوەیەی دادگای فیدڕاڵی ماددەی (١١٢)ی دەستوور بە چوارچێوەی قانونی بۆ پرۆسەكانی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێـراق لە بوارەكانی دەرهێنان و فرۆشتن و دابەشكردنی داهاتی فرۆشی نەوت و گاز داناوە.
دووەم: بە پێی هەردوو بڕگەی ماددەی (١١٢)ی دەستوور كە دادگای فیدڕاڵی یەكلایی كردۆتەوە وەك بنەمای قانونی ماددەی (١١١)ن، دەبێت دوو قانون لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت بەم شێوەیە:
١: (قانونی دابەشكردنی داهاتە نەوتی و گازییەكان) لەسەر ئەم بنەما دەستوورییانەی خوارەوە كە لە بڕگەی یەكەمی ماددە (١١٢)ی دەستوور هاتووە:
أ. (تقوم الحكومة الإتحادیة بإدارة النفط والغاز المستخرج من الحقول الحالیة مع حكومات الأقالیم) دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی تەنها ئیدارەدانی نەوت و گازی دەرهێنـراوە تەنها لەو كێڵگە نەوتی و گازییانەی كە لە پێش نافذبوونی دەستوور لە ڕۆژی ٢٠-٥-٢٠٠٦ بەرهەمهێن بوون نەك كێڵگەكانی داهاتوو كە دوای ئەو ڕێکكەوتە بەرهەمی نەوت یان گازیان دەبێت، و تەنها لە قۆناغی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی بەرهەمهاتوو و قۆناغەكانی پێش ئەوە ناگرێتەوە، ئەم دەسەڵاتەش ڕەها نییە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی بەڵكو دەبێ لەگەڵ (مع) حكومەتی هەرێم بێت نەك تەنها دەسەڵاتی ڕەهای وەزارەتی نەوتی عێراق كە تا ئێستاش كاردەكات بە قانونی مەرکەزیی وەزارەتی نەوت ژمارە (١٠١)ی ساڵی ١٩٧٦، كە سەرتاپای ئەو قانونە مەرکەزییە پێچەوانەی ماددەی (١١٢)ی دەستوورە، چونكە ئەو قانونە ساڵی ١٩٧٦ دەرچووە و دەسەڵاتی ڕەهای داوە بە وەزارەتی نەوتی عێـراق، و دادگای فیدڕاڵی بە ئاماژەكردنی بۆ ماددەی (١١٢)ی دەستوور بە ناڕاستەوخۆیی ڕەتی دەكاتەوە كە (قانونی وەزارەتی نەوتی عێـراق) پاڵپشتی قانونی دەعواكەی وەزارەتی نەوت بکات، و ماددەی (١١٢)ی دەستوور حوكمێكی تایبەتە و قەیدی داناوە لەسەر ماددەی (١٣٠)ی دەستوور كە حوكمی گشتییە و باس لە نافذبوونى یاساکانی پێش ٢٠٠٦ دەکات.
ب. (على ان توزع وارداتها بشكل منصف يتناسب مع التوزيع السكاني) واته دابەشكردنی داهاتی نەوت و گاز دەبێت بە ئینصافی بێ و بگونجێت لەگەڵ دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرتاسەری وڵات، سەرەڕای بەشێكی زێدەكی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بۆ هەرێم لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیگەیشتووە لەلایەن ڕژێمی پێشوو (مع تحديد حصة لمدة محددة للأقاليم المتضررة …)، لە كاتێكدا دەسەڵاتی فیدڕاڵی بە پێچەوانەی ئەم ماددەیە ساڵانە بە قانونی بوودجە لەسەر بنەمای نەفەقاتی فیعلی نەك داهاتی نەوت و گاز بەشە بودجەی هەرێمی دیاریكردووە بە بێ‌ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان و لە غیابی هەبوونی یاسای دابەشكردنی داهاتی نەوت و گاز كە ماددەی (١١٢) ئاماژەی پێدراوە.
٢: (تقوم الحكومة الإتحادیة وحكومات الأقالیم والمحافظات المنتجە معاً برسم السیاسات الإستراتیجیة اللازمة لتطویر ثروة النفط والغاز..)، واتە داڕشتنی ستراتیجی ھاوبەشی پێویست بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گاز لەلایەن (حكومەتی فیدڕاڵی، حكومەتی هەرێم، پارێزگاكانی بەرهەمهین) پێكەوە (معاً)، كە دادگای فیدڕاڵی بە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی فیدڕاڵی داناوە، كە دوای (12) دوانزدە ساڵ تا ئێستا هیچ (ڕێككەوتنێكی پێكەوەیی لە نێوان دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم و پارێزگاكان) ئەنجام نەدراوە، بۆیە محاجەجەكردنی وەزارەتی نەوتی عێـراق بە قانونی وەزارەتی نەوت ژمارە(١٠١)ی ساڵی ١٩٧٦ یەكلایەنە بە بێ ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێن وەك پاڵپشتی قانونی دەعواكەی بەتاڵە و پێچەوانەی حوكمەكانی ماددەی (١١٢)ی دەستوورە كە دادگای فیدراڵی پشتی پێدەبەستێ‌ بۆ یەكلاییكردنەوەی دەعواكە.
هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، دادگای فیدڕاڵی داوای لە وەكیلی وەزیری نەوتی عێراق كردووە ئایا هیچ ڕێككەوتننامەیەك یان لەیەكترگەیشتنێك هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەو بارەیەوە یان نا؟
وە تا ئێستا بەغداد لەسەر چ بنەمایەکی قانونی نەوت و گازی عێراق و داھاتەکەی بەڕێوە بردووە.
سێیەم: بە هیچ جورێك لە ماددەی (١١٠)ی دەستوور تایبەت بە تایبەتمەندییە ڕەهاكانی دەسەڵاتی فیدڕاڵی باس لە نەوت و گاز نەكراوە، و لە هەمان كاتدا ماددەی (١١٥)ی دەستوور بە ئاشكرا ئاماژەیداوە بەوەی كە هەر تایبەتمەندییەك لە ماددەی (١١٠)ی دەستوور نەهاتبێت ئەوە دەسەڵاتی هەرێمە، و لە دەسەڵاتە هاوبەشەكانیشدا ئەولەوییەت بۆ یاسای هەرێمە كە خاوەنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٧ ە، ئەوەی ئەم ڕاستییەش دەسەلمێنێت گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەی مێژوویی ماددەی (١١٠)ی دەستوور كە ماددەی( ٢٥)ی قانونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقی بۆ قۆناغی گواستنەوەیە كە وەك خۆی گواستراوەتەوە بۆ ماددەی (١١٠)ی دەستوور و تەنها بڕگەی نەوت و گازی لێ دەرهێنراوە كە لە ماددەی (٢٥)ی ئەو قانونە بە ئاشكرا بە دەسەڵاتی ڕەهای فیدڕاڵی دانرابوو.
پوختە:
بنەمای دەستووریی بەڕێوەبردنی نەوت وگاز لە عێراق ماددەی ١١٢ ی دەستوورە نەک قانونی بەسەرچووی مەرکەزیی (ڕێکخستنی وەزارەتی نەوتی عێراق ژمارە ١٠١ ی ساڵی ١٩٧٦) کە وەزارەتی نەوتی عێراق لە دەعواکەیدا پشتی پێ بەستووە و دەسەڵاتی ڕەھای بەخۆی بەخشیوە، و تەواو پێچەوانەی ماددەی ١١٢ ی دەستوورە کە دادگای فیدڕاڵی لە دوا دانیشتنیدا بە ئاشکرا ئاماژەی بەم ڕاستیە داوە.
ئامانج ڕەحیم
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران
٢٩ی حوزەیرانی٢٠١٨
Back to top button