ئاسایشی هه‌ولێر له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی كۆگای چه‌ك له‌شارۆچكه‌ی به‌حره‌كه‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ شەممە ٣٠ی٦ی ٢٠١٨كاتژمێر ٤:٣٠ خولەك كۆگایەكی گەورەی تەقەمەنی لە شارۆچكەی بەحركە لە هەولێر تەقییەوە و بەهۆیەوە زەرەر و زیانێكی زۆر بەر كۆگاكە كەوت.
 
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ده‌ڵێت: تەقینەوەی كۆگا تەقەمەنییەكە هیچ دەستێكی تیرۆریستی لە پشتەوە نەبووە، بەڵكو پەیوەندی بە خراپی هەڵگرتنی تەقەمەنییەكانەوە هەبووە.
 
تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایگەیاند:” دوای لێكۆڵینەوەكانیان لە هۆكاری تەقینەوەی كۆگا تەقەمەنییەكەی شارۆچكەی بەحركە بۆیان دەركەوتووە هۆكاری رووداوەكە تیرۆریستی نەبووە. گوتیشی “پەیوەندی بە خراپ هەڵگرتنی ئەو تەقەمەنیانەوە هەبووە”.
 
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕاشیگه‌یاند:” لە كاتی گۆڕانكاری لە كەشوهەوا بەشێك لە ماددە ئاسنەكان، گۆڕانكاری بەسەر قەبارەیاندا دێت،‌ ئەوەش هۆكاری تەقینەوەكە بووە. “بۆیە پێویستە ئەو تەقەمەنیانە لە كۆگاكاندا بە شێوەیەكی زانستی هەڵبگیرێن، بۆ ئەوەی رووداوی لەم جۆرە روونەداتەوە”.
 
شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه‌ ئەو كۆگایە هیچ جۆرە چەكێكی تێدا نەبووە، تەنیا فیشەگی جۆراوجۆری تێدابووە، ئاگرەكەش بەهۆی پلەی گەرما و ناڕێكی لە دانانی فیشەگەكان بووە، رووداوەكەش تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
 
ئەمە سێیەمجارە كۆگای چەك و تەقەمەنی لە هەولێر ئاگردەگرێت و دەتەقێتەوە، مانگی هەشتی ساڵی رابردوو لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی ئاگریگرت و تەقییەوە.
 
هەر ساڵی رابردوو كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە بارەگایەكی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە شاری هەولێر لەسەر شەقامی نەورۆز، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما گڕیگرت و دواتر تەقییەوە، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە برینداربوون.
Back to top button