به‌رهه‌م ساڵح گۆڕان حزبێكی له‌ خۆ باییه‌, بۆیه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ نابه‌ستین

 

دوای ئه‌وه‌ی شه‌ش حزبه‌ ناڕازیه‌كه‌ ویستیان فراكسیۆنێك بۆ په‌رله‌مانی عێراق پێكبهێنن, به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح لە بزووتنەوەی گۆڕان نیگەرانە و بەوە تۆمەتباری دەکات کە هێزێكی له‌ خۆ باییه‌.
بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەرییەوە دەستی کەوتووە کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی دەکات، دوای شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە نێوان ٦ لایەنی سیاسیدا، پەیوەندییەکانی نێوان قەوارەکەی بەرهەم ساڵح و بزووتنەوەی گۆڕان تێک چووە و گۆڕان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە شکستی بە هەوڵەکە هێناوە.

پێشتر حەسەن بارام، یەکێک لە بەرپرسانی دەست لەکار کێشاوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئێستا لەگەڵ قەوارەکەی بەرھەم ساڵح کار دەکات ڕاگەیاند: ”سێ ھۆکاری سەرەکیی ھەیە، ئەویش لەخۆباییبوونی ھەندێک ھێز، بوونی کێشە لەناو سەرکردایەتیی ھەندێ لەو ھێزانە و دەستێوەردانی ئەملا و ئەولا”.

ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە بەیاننامەیەکمان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا داوای ھاوپەیمانێتییەکی فراوانمان کردووە، وەک بەرەی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن، بەڵام دیارە لایەنەکان وەک پێویست بەدەنگەوەھاتنیان بۆ ئەم ھاوپەیمانێتییە نەبووە، ئێمە پێمان خۆش بوو کە ھاوپەیمانێتییەکە بکرێ، بەڵام نەکرا”.

لە بارەی ئەوەی ئاخۆ گۆڕان ھۆکار بووە بۆ ئەوەی ھاوپەیمانیی شەش لایەنەکە بۆ پەرلەمانی کوردستان دروست نەکرێ؟ حەسەن بارام نەیشاردەوە: ”سەرچاوەی ھۆکارەکان دەزانین، مەرج نییە بەتەنیا گۆڕان بێت“.

هه‌روه‌ها بەهرۆز جەعفەر، چاودێری سیاسی کە چەندان جار پشتیوانیی خۆی بۆ بەرهەم ساڵح و هاوپەیمانییەکەی دەربڕیوە، لە نووسینێکدا بە توندی ڕەخنەی لە گۆڕان و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا گرت و ڕای گەیاند، ئەم بزووتنەوە ئەگەر دەیەوێ لە ڕێگەی پەکخستنی ھاوپەیمانێتیی ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتییەوە ”گورزێکی ناشرین و خراپ بوەشێنێت“، ئەگەر بەم شێوەیە ”ھاوپەیمانێتی بە فێڵ و تاکتیک“ لەنێوان لایەنەکاندا پەک دەخات، ئەوا ”دەبێ پێش ھەموو شتێک بزانێ، خۆی پەکی دەکەوێ و دەیان کەسی دیار و کاریگەر تێیدا دەکشێنەوە کە لەسەرەتاوە لەم بزووتنەوەیەدا بوون“.

Back to top button