پۆلیسی ئێران له‌ شاری خوڕه‌مشه‌هر خۆپیشانده‌رێكی كوشت و به‌ ده‌یان خۆپیشانده‌ری دیكه‌ی ده‌ستگیركرد

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی ئێران خۆپیشاندان ده‌ستی پێكرد دوای سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان جارێكی تر له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك خۆپیشاندان ده‌ستی پێكرده‌وه‌, لە خۆپیشاندانەکانی شاری خوڕه‌مشەهری ئێران، پۆلیس تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات و بەهۆیەوە لانی کەم خۆپیشاندەرێک کوژراوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز لە هەواڵێکیدا کوشتنی یەکێک لە خۆپیشاندەران پشتراستدەکاتەوە، لەکاتێکدا تەلەڤزیۆنی ئەلعەرەبییە ده‌ڵێت: “لەخۆپیشاندانەکان چوار کەس لە لایەن پۆلیسەوە کوژراون”.

لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی ئێران، لەبارەی خۆپیشاندانەکانی شاری خوڕه‌مشەهەر بڵاویکردەوە، بەهۆی بەکارهێنانی توندووتیژی بەرامبەر بە موڵکی گشتی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، گرژی کەوتۆتە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران، بەڵام رەتیدەکاتەوە هیچ کەس گیانی لەدەستدابێت.

عەبدولرەزا رەحمان فازلی، وەزیری ناوخۆی ئێران، لە بارەی تووندوتیژی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران گوتی: “کەسێک بریندار بووە، بەڵام هیچ کەس گیانی لەدەست نەداوە”.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، لەو بارەیە نووسیویەتی، کەسێک بەهۆی خۆپیشاندانەکان گیانی لەدەستداوە بەڵام نەیانتوانیوە ئەوە پشت راستبکەنەوە.

بەهۆی کەمی ئاوی خواردنەوە، دوێنی شەممە (30/06/2018)، دانیشتوانی شارەی خوڕه‌مشەهر، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دواتر گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، ئەمەش وایکرد خۆپیشاندانەکە بەبێ قوربانی کۆتایی نەهات.

Back to top button