ئازاد تۆفیق :ڕه‌گ و ڕیشه‌یی گۆران و هاوپه‌یمانیی ھی ئەو سەرمایە مەعنەوییەیە کە لە ناو یەکێتیدا ھەیانبووە

یه‌كێتی پێشبینی ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بریاره‌ ٣٠ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت ،گۆڕان و قه‌واره‌كه‌ی کەی بەرهەم ساڵح و کۆمەڵی ئیسلامی ببنه‌ به‌شێك له‌ ڕابردوو ده‌نگ ناهێنن .
 
ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند: ”زۆر لایەنی نەیاری سیاسیی یەکێتی، بەتایبەت ئەوانەی لێی جیابوونەتەوە کە ھاوپەیمانی و گۆڕانن، نوقڵانەی سەقەتیان لێ دەدا، بە حساب کۆمەڵێک داتایان دەخستە ڕوو کە گوایە یەکێتی ناتوانێت وەک پێویست دەنگ بھێنێت، بەڵام دیاربوو ئەو قسانە بوون بە بڵقی سەر ئاو، لەگەڵ ئەوەشدا کامەیان زۆر موھیم بوو، بە چوار کورسی و پێنج کورسییەوە لە پرۆسەکە ھاتنە دەرەوە“.
 
ئەندامه‌كه‌ی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕاشیگه‌یاند:”خەبات بەوە ناپێورێ ”تۆ چوار ساڵ لە ئەورووپا بیت و بە زمانێکی نوێ بێیتەوە و بتەوێت لە وڵاتدا ببیت بە کول فی کول“، گوتیشی: ”هێزەکان دەبێ ھێزێک بن کە ڕەگیان بەناو قوڵایی خاکدا ڕۆشتبێت، یەکێتیش لە ھیچ ھەڵبژاردنێک نەترساوە و ناترسێت، هاوشێوەی ١٢ی ئایار، لە ٣٠ی ئەیلوولیش بەدڵنیاییەوە سەردەوکەوین“.
 
سه‌باره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و قه‌واره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئازاد تۆفیق ده‌ڵێت:”لە ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستاندا، گۆڕان و ھاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح و کۆمەڵی ئیسلامی، ”دەبن بە ڕابردوو“. دەشڵێت: ”وایان لێ دێ دەبێ باسیان بکەین و بڵێین ساڵانێک ئەوانە ھەبوون، چونکە ئەو ھێزانە بەدڵنیاییەوە ڕەگ و ڕیشەیان نییە و ھەموو ڕەگ و ڕیشەی ھەریەکە لە گۆڕان و ھاوپەیمانییەکەی بەرھەم ساڵح، ھی ئەو سەرمایە مەعنەوییەیە کە لە ناو یەکێتیدا ھەیانبووە“.
 
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ دوێنێ ئێڤار ئیبراهیم، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات.
Back to top button