ڕێبوار تاڵه‌بانی: شه‌رمه‌زارییه‌ كورد له‌گه‌ڵ عه‌سائیبی ئه‌هلول حه‌ق و حه‌شدی شه‌عبی دابنیشێت

دوای خیانه‌تی ١٦ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ دیاله‌وه‌ تاكو كه‌ركوك خراپتر بووه‌و حه‌شدی شه‌عبی ناوچه‌كانیان چۆڵكردووه‌ بۆ داعش ، ئێستا داعش لێی باڵاده‌سته‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پێی پلانێكی دارێژراو ناوچه‌كه‌ بۆ داعش به‌جێ هێلدراوه‌ .
 
رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك رایگه‌یاند: “حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه‌ راهاتوون، به‌درێژایی مێژوو ده‌ستوور پێشێل بكه‌ن و مافه‌كانی كورد زه‌وت بكه‌ن، ئه‌وان ویستییان هه‌مان مێژوو دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام بۆیان نه‌چووه‌ سه‌ر و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دژایه‌تی بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌یان له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كان ده‌كرد، ئێستا خۆیان به‌ شه‌رمنانه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێن، كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیری به‌خۆیانه‌وه‌ نابینن”.
 
ڕێبوار تاڵه‌بانی جه‌ختی كرده‌وه‌ “بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌و ناوچانه‌ بكات، چونكه‌ شوێنی ره‌سه‌نی خۆیه‌تی و به‌شێكی دابڕاو نین له‌ كوردستان، به‌ڵام هێزه‌كانی دیكه‌ ناتوانن ئه‌و شوێنانه‌ بپارێزن، چونكه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ نین”.
 
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پاڕێزگای كه‌ركوك راشیگه‌یاند: “ئێستا ئه‌و هێزانه‌ دێن داوا له‌ خه‌ڵكی شاری كه‌ركووك ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تیش له‌ كورد، هه‌رچی زووه‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیمان بۆ دروست بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بتوانین له‌كاتی ته‌نگانه‌دا خۆمان له‌و قه‌یرانه‌ رزگار بكه‌ین كه‌ له‌ڕێگه‌ی بڕیاری هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانمانه‌وه‌ خۆمان تووشی خۆمان كردووه‌، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ كه‌ ئێستا خۆیان دان به‌و راستییه‌دا ده‌نێن كه‌ پێویسته‌ جارێكی دیكه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌”.
 
له‌ درێژه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پاڕێزگای كه‌ركوك گووتی: “له‌دوای رووداوه‌كانی١٦ ئوكتۆبه‌ر قه‌یس خه‌زعه‌لی، سه‌ركرده‌ی عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌قی حه‌شدی شه‌عبی هاته‌ پردێ و گوتی: هه‌ولێریش كه‌وته‌ ته‌ڵه‌ی ئێمه‌وه‌، بۆیه‌ به‌لای منه‌وه‌ جێگای شه‌رمه‌زارییه‌ ئێستا كورد بچێت له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ دابنیشێت و حكوومه‌تی بۆ پێكبهێنێت كه‌ تاوانی جه‌نگی ئه‌نجامداوه، پاشانیش‌ كه‌ گه‌یشتنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌تانكی ئه‌برامز هێرشی سه‌رمان بكه‌نه‌وه‌‌”.
 
سه‌باره‌ت به‌ داواكاری خه‌ڵك كه‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن بۆ شاری كه‌ركوك ڕێبوار تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: “جێگای داخه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌موو عێراق و بگره‌ جیهانیشی به‌وه‌ چه‌واشه‌ كرد، كه‌ له‌شاری كه‌ركووك سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌كاتێكدا نه‌یتوانی ته‌نیا چه‌كدارێكی داعشیش له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ بكوژێت یانیش ده‌ستگیری بكات، ئه‌و كاته‌ی عه‌بادی بانگه‌شه‌ی بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ده‌كرد، داعشه‌كان خۆیان شارده‌وه‌ و ئێستا دووباره‌ ده‌ستیان به‌ چالاكییه‌كانیان كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی عه‌بادی كردی پێشێلكردنی ده‌ستوور بوو له‌ داگیركردنی كه‌ركووك”.
 
له‌ كۆتایشدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك گوتیشی : ” ئه‌وكاتیش ئێمه‌ ده‌مانزانی ئامانجی عه‌بادی داعش نه‌بوو، به‌ڵكو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی نه‌هیشتنی پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ سنوری ئه‌و پارێزگایه‌، ئێستاش عه‌بادی دركی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌بێ بوونی پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیری ئه‌و شاره‌ مه‌حاڵه‌ و ته‌نیا ٥٠ چه‌كداری داعش ده‌توانن ئه‌و شاره‌ داگیر بكه‌نه‌وه‌، هه‌ره‌ك چۆن له‌ كه‌وتنی مووسڵ روویدا”.
Back to top button