هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر دۆخی كه‌ركوك ئاشكرا ده‌بێت
پارتی دیموكراتی كوردستان له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 وه به‌رده‌وام رەخنەی له دۆخی ئەمنی شاری كه‌ركوك ھەبووه، جگه له ریبوار تاله‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پاریزگای كه‌ركوك كه هاوهه‌ڵویستی پارتی بووه زۆربه‌ی هێزە سیاسییەکانی دیکە له كوردستان به یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیشه‌وه روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان به داگیركاری نه‌زانیوه و ئه‌مه‌ش جیاوازی نیوان پارتی و لایه‌نه‌كانی تر بووه كه نه‌توانراوه به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو دژ به زولم سته‌م و سه‌ره‌ڕۆی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و لە بریاردانی ئیداری و سیاسیی هاوبەشدا پێكبهێنن .
تا ئێستا له ناو حیزبه سیاسییه‌كانی كوردستاندا بۆچوونه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان زاده‌ی واقیعی حاڵی شاری كه‌ركوكی دڵی كوردستانه ،پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایه كه‌ركوك له 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه خه‌ڵك و خاكه‌كه‌ی فرۆشراوه و ئیراده‌و شكۆی كوردی تێدا شكێنراوه‌و گوندنشینانی كورد ڕۆژانه له خانه‌قین و خورماتوو كه‌ركوك جینۆساید ده‌كرێن و عه‌ره‌بی هاورده نیشته‌جێ ده‌كرێت .
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یەکێتی له كه‌ركوك و ئه‌ندامی گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ریشه ده‌ڵێت:”دۆخی كه‌ركوك مه‌ترسیداره‌و ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد فریا نه‌كه‌وێت كاره‌سات ده‌قه‌ومێت “.
ئه‌مه جۆرێكه له بادانه‌وه و له خۆبه‌درۆخستنه‌وه‌و ( پارادۆكس) ئێستا نزیك به ساڵێكه گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه به‌رپرسیاری سه‌ره‌كی به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركوك خانه‌قین و خورماتوو به‌ناهه‌ق شه‌هیدبوونی پێشمه‌رگه و ئاواره‌بوونی هه‌زاران خیزانن ،چۆن ڕویان دێت له‌ئاست خه‌ڵكی كوردستان سه‌رهه‌ڵبرن له‌كاتێكدا خاوه‌نی گه‌وره‌ترین شه‌رمه‌زاری و خیانه‌تیمێژووین ،ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م خیانه‌ته هه‌رزوو سه‌ركرده باڵاكانی یه‌كێتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی و مه‌لابه‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی و جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70 هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و دكتۆر نه‌جمه‌دین كریم پارێزگای كه‌ركوك گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان شه‌رمه‌زارو رێسوا كرد .
به‌رله هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له 12ی ئایاری ئه‌مساڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆران و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و قه‌واره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له بانگه‌شه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌لبژاردندا شه‌رعیه‌تیان ئه‌دایه ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنه‌ری سه‌ربازی حه‌شدی شه‌عبی و خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان كردبووه شۆڕشێكی پیرۆز و ره‌وا ، به‌ڵام دوای ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌لبژاردن و جیاكردنه‌وه‌و ئاشكراكردنی ده‌نگه‌كان ( گۆران و قه‌واره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ) حه‌مله‌یه‌كی توندی ئیعلامیان دژ به‌یه‌كێتی و گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ست پێكرد و خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر وێردی سه‌رزوبانیان بوو .
به‌پێی راپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دۆخی كه‌ركوك چ له ئێستا و چ له رابردوو له دوای ڕوداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه بۆ كورد و ته‌واوی پێكهاته‌كان خوێناوی‌ترین دۆخ و مه‌ترسیدار بووه، ئەوەی کە گرنگە لەم قۆناخەدا تەنها گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، چونکە ئێستا تەنانەت لەنێو خەڵیکشدا بووەتە قسەیەکی باو دەڵێن، دۆخی ئەمنی کەرکووك بەبێ پێشمەرگە ناپارێزرێت.