ساڵح ژاژڵه‌یی : رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كارێكی خراپ بوو

دوای خیانه‌تی 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ دیاله‌وه‌ تاكو كه‌ركوك خراپتر بووه‌و حه‌شدی شه‌عبی ناوچه‌كانیان چۆڵكردووه‌ بۆ داعش ، ئێستا داعش لێی باڵاده‌سته‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پێی پلانێكی دارێژراو ناوچه‌كه‌ بۆ داعش به‌جێ هێلدراوه‌ .
 
ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگرى سكرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، ڕایگه‌یاند: “ناكۆكیه‌كانى شیعه‌ و سوننه‌ له‌ عێراق وای كردووه‌ دۆخى ئه‌منى شارى كه‌ركووك تێك بچێت، لەگەڵ ئەوەش ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده‌ دۆخه‌كه‌ى به‌لاوه‌ گرنگ نییه،‌ بۆیه‌ به‌هۆى ناكۆكیه‌كانى كورد و عه‌ره‌ب ڕه‌نگه‌ نه‌توانرێت ڕێگرى له‌ جموجۆڵه‌كانى داعش بكرێت، به‌ڵكو له‌و نێوه‌نده‌دا داعش زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات“.
 
جێگرى سكرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان،ڕاشیگه‌یاند:” کە ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر كارێكی خراپ بووه‌، ئێستاش ‌ داعش ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نییه‌ كه‌ بتوانێ وه‌ك جاران شه‌ڕ بكات، لەگەڵ ئەوەش هه‌وڵى ئه‌نجامدانى كارى تێكده‌رانه‌ ده‌دات، زیاتر هه‌وڵى ئه‌نجامدانى ته‌قینه‌وه‌ و كوشتنى خه‌ڵكى سڤیل ده‌ده‌ن، بۆئه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ به‌ سه‌قامگیرى نه‌مێنێته‌وه‌ زیاتر ئاڵۆزى به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت”.
 
ساڵح ژاژڵه‌یی ده‌ڵێت:”هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ سوپای عێراق بارودۆخى ئه‌منى شارى كه‌ركووكى به‌ده‌سته‌وه‌یه،‌ به‌ڵام خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه‌، دەشڵێت: ”ئه‌وه‌ پاراستنى پێ ناگوترێت، كه‌ هه‌موو ڕۆژێك له‌ناو كه‌ركووك كارى ته‌قینه‌وه‌ ڕووبدات، یان خه‌ڵكى سڤیل بكوژن و بڕفێنن، بۆیه‌ باشتره‌ داوا له‌ كورد بكرێت، بۆئه‌وه‌ى به‌ هه‌ماهه‌نگى پارێزگارى له‌ دۆخى ئه‌منى شارى كه‌ركووك بكرێت“.
 
ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگرى سكرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، گووتیشی: ”ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ناوماڵى خۆمان ڕێكبخه‌ینه‌وه‌، به‌باشى ده‌زانم هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شارى كه‌ركووك، بێگومان ئه‌وكاته‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێ پارێزگاى له‌ بارودۆخى شارى كه‌ركووك بكات“.
Back to top button