نێچیرڤان بارزانی هانی كۆمپانیا چینیه‌كان ده‌ده‌ین له‌ كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن

 

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یدا، له‌گه‌ڵ نی رووچ، كۆنسووڵی گشتی نوێی وڵاتی چین، له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ خواستی كۆمپانیا چینییه‌كان ده‌كات بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌ گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیدارێكدا كۆنسووڵی چین، سوپاسی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ بۆ ئه‌و هاوكاری و ئاسانكارییانه‌ی بۆیان كردووه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كۆنسووڵی گشتی نوێی كۆماری میللی چین، دووپاتی كرده‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات په‌ره‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بدات له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان, به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، رۆشنبیری و زانستیدا، هه‌روه‌ها خواستی كۆمپانیا چینییه‌كانی بۆ كاركردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، خسته‌ ڕوو.

له‌و دیداره‌دا، نێچیرڤان بارزانی, وێڕای پیرۆزبایی، ئاره‌زووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆماری چینی میللی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی.

هاوكات پێشوازیشی له‌ خواستی كۆمپانیا چینییه‌كان كرد بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو هاوكارییه‌كی بۆ دووپات كردنه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كۆمپانیا چینییه‌كان ده‌توانن رۆڵێكی به‌رچاویان له بواره‌كانی ژێرخان، بازرگانی و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت, به‌تایبه‌تی كه‌ شه‌ڕی داعش كۆتایی هاتووه‌ و ده‌رفه‌تێكی له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌.

Back to top button