نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ ئه‌نقه‌ره‌ تاوتوێده‌كه‌ن

 

بەمەبەستی پیرۆزبای کردن و تاوتوێکردنی پەیوەندیەکانی نێوان  هەولێرو ئەنقەرە، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 2-7-2018)‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانى به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى له‌ ئه‌ردۆغان كردووە به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى خۆیان و پارته‌كه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانى توكیادا و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست. لە بەرامبەردا ئه‌ردۆغان سوپاسى نێچیرڤان بارزانى كردووە.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هه‌ردوولا په‌یوندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى توركیایان تاوتوێكردووە. “جه‌ختیان له‌ بره‌ودان و به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌ و په‌یوە‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ ئه‌نقه‌ره‌یان به‌ گرنگ بۆ هه‌ردوولا وه‌سفكرد”.

تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ و پێشهاته‌كان و چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌، به‌شێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیى ته‌له‌فۆنیى نێوان نێچیرڤان بارزانى و ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان بوون.

لە 24-6-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوەچوون. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئەردۆغان بە خوولی یەکەمی هەڵبژاردن توانی رێژەی لە 52.5%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە.

Back to top button