بازنەی چارەنووسی سووریا و چۆنیەتی وەدەرنانی ئێران

راپۆرتی شیكاری:تەنیا کوردی

دیداری نێوان ترامپ و پووتین کە وا بڕیارە لە ١٦ی ئەم مانگە لە فنلەند بەڕێوەبچێ، بازنەی یەکەمی گفتوگۆی نێوان پووتین و ترامپ دەربارەی سووریا دەبێ لەگەڵ ئەوەی چەندین بابەتی دیکە گفتوی لەسەر دەکرێ، لەگەڵ ئەوەی کۆبوونەوەکە سەردەکێشێ بۆ سیاغەکردنی رەشنووسەکەی جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کە بە هاوکاری رووسەکان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ترامپ و پووتین بگەن بە چۆنیەتی لێک تێگەیشتن بۆ رێککەوتنی سەدە، کە ئەم رێککەوتنە لە دوای دیداری نێوانیان ئەگەری زۆرە وردە وردە لەدایک بێ.
نەخشەکە بە شێوەیەکی گشتیی چارەنووسی سووریا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (چین و یابان و دوو کۆریایەکە) تا بواری ئابووری سەر زەریاکان و ئەورووپا و ئاسیا لە خۆدەگرێ، لەگەڵ چۆنیەتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئێران و کۆریای باکوور. بازنەی یەکەمی گفتوگۆکە بۆ ئێمە لە ئێستادا کە رووداوەکانی درێژدەبنەوە بۆسەر عێراق، سووریایە.

نفووزی روسیا لە سووریا

-لە ٢٠١٧ تا ئێستا نزیکەی ٥٠ هەزار سەربازی رووسیا لە باشووری رۆژئاوای سووریا بەشداریان کردووە لەگەڵ هێزەکانی رژێمی سووریا.
-نزیکەی ١٠ هەزار سەربازی رووسیا بە بەردەوامی لە سووریادا بەجێگری هەن.
-رووسیا لە سیپتمبەری ٢٠١٥ بە رێگەی سەربازی دەستی خستە نێوکاروباری سووریا و نەیهێشت کە رژێمی ئەسەد بکەوێ.
-رووسیا چاوپۆشی لە هێزی ئێران کرد کە ١٢ هەزار میلیشیای لەسووریادا هەن.
-رووسیا ٤بنکەی سەربازیی گەورەی لە سووریادا هەن.
-رووسیا لە جێگیرکردنی هێزی دەریایی و فڕۆکەکانی جەنگی لە فڕۆکەخانەکانی سووریادا بە شێوەیەکی کاریگەر بوونی هەیە.
-رووسیا دەیەوێ لە ئێستادا مانەوەی ئەسەد بە شەرعی بکاتەوە و سووریا بخاتە بەردەم بژاردەی هەڵبژاردن و ئیدی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا هەبێ بە ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا.

نفووزی ئەمەریکا لە سووریا

-نزیکەی ٢٠٠٠ هەزا سەرباز لە سووریا.
-ئەمەریکا دەیەوێ ٢٠ بنکەی سەربازی لە سووریادا هەبێ، کە رووسیا گومانی لێکردووە ٤ بنکەی بۆ بەکارهێنانی دووبارە مەشقدانەوەی تیرۆریستانی داعش و میلیشیای دیکەی سووریا بێ.
-ئەمەریکا هاوبەشی کردووە بە هێزی فەرنسایی لە سووریادا.
-بژاردەیەکی دیکەیشی لەبەردەستە بۆ ئەوەی هێزی عەرەبی بێنە نێو سووریادا.

چەقی کێشەکە چییە؟

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن بەشێکی نەخشەکەی ئاشکراکردووە کە پووتین و ترامپ ریککەوتنێک دەکەن لەسەر چۆنیەتی وەدەرنانی ئێران لە سووریادا.چۆنیەتی وەدەرنانەکە دوو داواکاری سەرەکی لە خۆ دەگرێ، یەکێکیان پێوەستە بە ترامپ و ئەوی تریان پێوەستە بە پووتین.

ئاماژەی پێشوەخەی وا هەن، کە ترامپ داوای لە پووتینە رژێمی سووریا دەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵگرێ، ئەم خاڵە تاڕادەیەک بۆ رووسەکانیش جێگەی هەڵوەستەکردنە لەسەری، چونکە بەرەوپێشچونی رژێمی ئەسەد لە باشووری رۆژئاوای سووریا بە قاچەکانی ئێران و میلیشیاکای کە لەوێدا نزیکەی ١٠ هەزار میلیشیای ئێرانی هەن، لە کۆی گشتیی ١٢ هەزار میلیشیا کە پێشووتر لە سووریا بوون، ئێستا چارەنووسی ٢ هەزار میلیشیای ئێران دیار نییە چیان لێ هاتووە، بەڵام هێشتا بوونی ئێران لە سووریادا بەو قەبارەیە سەربازییە دەبیتە هۆی فراوانکردنی رووبەڕی ئێران، چونکە رژێمی ئەسەد لەوێ پشتی بە ئێران بەستووە، بۆیە چەند سیناریۆیەک لەوێدا ئەگەری روودانی هەیە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، چونکە ئێران بۆ مانەوەی لەوێدا پێویستی بەوە هەیە کە هەمیشە لە بەرگی ئەسەد بجوڵێ، هەندێ زانیاری وا هەن کە ئێران دەیەوێ لەو شوێنەدا چەکی کیمیای بەکاربێنێ و تۆمەتەکەش بخاتە پاڵ رژێمی ئەسەد، بۆیە لە ئێستادا رووسیا لەو گەمەیەی ئێران لەوێدا تاڕادەیەک نیگەرانە.

هەمیشە پێشڕەوی ئێران لەوێدا بە زیانی رووسیا تەواو دەبێ، رووسیایش ئەمەی ناوێ کە بەهۆی ئێرانەوە دڵی ئیسرائیل بڕەنجێنێ، بە تایبەت لە ئێستادا کە ئیسرائیل خاڵی هاوبەشی نێوان رووسیا و ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتی ناویندا، بە هەمان شێوەیە بەشێکی دیکە بۆ رووسیا جێگەی مەترسییە کە ئسرائیل بەهۆی بوونی میلیشیای ئێرانی لە باشووری رۆژئاوای سووریا هەمیشە گورز لەوێ دەوەشێنێ، ئیدی هەر جۆرە پێشکەوتنێکی سەربازی لەوێدا بۆ ئێران بە مایەی زیانی سیاسی رووسیا تەواودەبێ، چونکە ناهێڵی کە مانەوەی ئەسەد وەک ئەوەی رووسیا دەیەوێ لە ناوچەکەدا وەک خۆی ئامانج بپێکێ.

دڵینیایی پووتین و ترامپ چییە؟

پووتین لە باشووری رۆژئاوای سووریادا دڵنیایی دەداتە ترامپ کە هێرشی رژیمی ئەسەد دەوەستێنێ، ئەگەر هێرشێک هەبێ ئیدی دەبێ ئەمجارە رژیمی ئەسەد و ئێران لەیەکدی جوودا بکرێنەوە. ئەوەی کە قسەی لەسەر دەکرێ، نەخشەی پووتین بۆ ترامپ بریتییە لەوەی کە رەشنووسی سووریا بە زووییی تەواو بکرێ، سووریا بخرێتە هەڵبژاردنەوە لە تەواوی سووریادا، ئیدی رێگە خۆشبکرێ بۆ دروستکردنی کابینەیەکی نوێی لە سووریادا، سووریا بکرێ بە فیدراڵی، ئۆپۆزسیۆنی سووریایش ئەمەی قبووڵبێ، کوردەکانیش لە سووریا بخرێنە بازنەی هەڵبژاردنەوە و ئیدی بەگوێرەی مافی پێکهاتەکان و ناسنامەی نەتەوەکان سووریایەکی نوێ دروستبکرێتەوە بە هاوبەشی رووسیاو ئەمەریکا و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردیش بە شێوەیەکی گشتیی لەو ناوچانەی کە هەن جێگیر بکرێ.

ئەوەی رووسیا خۆی بۆ ئامادە دەکات، لە نەخشەکەدا بریتییە لەوەی کە هێرشەکانی ئەمەریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوەستێنرێن، بەتایبەت لەوی کە ناوچەیەکی تەواوی ئابووریی سووریایە، ئیدی پێویستە ئەمەریکا لەوێ دەرچێ، بە رۆیشتنی ئەمەریکا ئەوا رووسیا هاوبەشی ئابووری لە سووریادا بە تەواوی لەگەڵ ئەمەریکا دەکات و هەروەها ئێرانیش لە سووریادا ناهێڵێ و دەردەکرێ، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و تورکیاش بەمە رازی بێ، لەوێدا ئۆپۆزسیۆن جێگر دەکرێ، یانیش هەر هێزێکی دیکە و ئەگەریش نا رێگە بدرێ کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد فراوان بکرێ، هاوکات لەبەرانبەر ئەمەدا رووسیا بە ستراتیژیەتی ئەمەریکا رازی دەبێ کە عێراق لە ژێر هەیمەنەتی بەریتانیا و شیعە بۆ ژێر هەیمەنەتی ئەمەریکا بگەڕێتەوە.

بەڵام ئەو بۆچوونە لەلایی ئەمەریکا رەنگە بە جیددی بە قبووڵکراو نەزانرێ، چونکە لەو ناوچانەدا ئەمەریکا گرێبەستی نەوتی بە کۆمپانیاکانی عەرەبی کردووە، لەوێدا بەشداری بە هێزی فەرەنسایش کردووە بۆ ئەوەی لە پێشڕەوی بەردەوامدا بێ بە تایبەت ئەمەریکا دەیەوێ بە تەواوەتی لە ناوچەی دێرەزوور قورگی ئابووری سووریا بگرێ، ناوچەیەک کە بە یەدەگی نەوتی و غازی سرووستی سووریا دەوڵەمەندە، تەنیا یەدەگی نەوتی بە ٢٤ ملیار بەرمیل نەوت دەخەملێندرێ، رۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دێ، دەتوانرێ نزیکەی ٨ ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی ساڵانە لێ بەرهەم بهێندرێ.

رووسیا بۆ رازیکردنی ئەمەریکا شەرعیەت بە فەڕەنسا دەدات کە بێتە عێراق و لە لیبیاشدا ئیتاڵیا ببێتە خاوەنی مەلەف، کۆمپانیا ئابوورییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ فەرەنسا و ئیتاڵیا هاوبەشی بکەن بۆ بەرژەوەندی تەواوی ئابووری لەو وڵاتەدا، چونکە وەک دەزانرێ کە لیبیا لە کەرتی وزەدا زۆر دەوڵەمەندە، بۆیە رووسیا بۆ رازیکردنی ئەمەریکا تموحی عێراق و لیبیا دەخاتە بەردەم بژاردەی ئەمەریکا و ئەمەش وا دەکات رووسیا و ئەمەریکا بەرژەوەندی بەریتانیا لە لیبیا و عێراق و سووریا بخەنە مەترسیەوە کە لە داهاتوودا بەریتانیا لە پشکی ئەو سێ وڵاتە بە دەستبەتاڵی دەرچێ.

بژاردەی گەڕانەوەی فەڕەنسا بۆ سووریا لەلایەک و بوونی رووسیایش لەولاتر و گەڕانەوەی ئیتالیا بۆ لیبیا لە لایەکی دیکە و گەڕانەوەی فەرنسا بۆ فەڵەستین و ئیدی دەرهێنانی تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و گەڕانەوەی بۆ هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و رووسیا رەنگە ئاراستەی دانیشتنەکە بە شێوەیەکی دیکە بگۆڕێ.
ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناویندا فەرەنسا و ئیتالیا و بە ئابووریش ئەلمانیا لە دژی بەریتانیا جوڵەیان پێدەکرێ، پێدەچێ، تەواوی وڵاتانی عەرەبی لەم دیدارەدا بخرێنە بەرژەوەندیەکی دیکەی هاوبەشی نێوان رووسیا و ئەمەریکا، بەڵام لە بەشێکدا ئەورووپایش لێی سوودمەند بێ، بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا…درێژەی دەبێ و

چاوەڕێی بەشی دووەم بن..

Back to top button