لیژنه‌یه‌ك له‌ ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌كه‌ی كۆگای تاسڵوجه‌ پێكهێنراوه‌

درەنگانی ئه‌م شەوی ڕابردوو کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی ھێزەکانی یه‌كه‌ی 70 لە ناوچەی تاسڵوجەی شاری سلێمانی تەقییەوە و ئەفسەرێک و چوار پێشمەرگە بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا قارەمان کەمال وتی، لیژنەیەک لە ئاسایش و پێشمەرگە لەو بارەیەوە پێکهێنراوە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکان دەکەن.
 
عەمید ئەحمەد لەتیف، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی یەکەی 70ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند: “جارێ نازانین ئایا ھۆکاری ئاگرەکە بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێتەوە یان بە پێچەوانەوە، بەڵام لەو کاتەدا کۆگاکە تەقیوەتەوە کە کارەبا ھەتووەتەوە، بۆیە لیژنەیەکی پسپۆڕی شارەزا بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری ئاگرگرتنی کۆگاکە پێکھێنراوە و لێکۆڵینەوەی جددی لەسەر ئەو ڕووداوە دەکەین”.
 
لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی یەکەی 70ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕشیگه‌یاند: “کۆگای چەک و تەقەمەنی ئاگری گرتووە و چەکی تێدا بووە، بیگومان زەرەرێکی ماددی زۆر ڕووی داوە، بەڵام تاکوو لێکۆڵینەوەی جدی نەکەین، ناتوانین تەواوی زەرەر و زیانەکان یەکلا بکەینەوە”.
 
عه‌مید ئه‌حمه‌د له‌تیف گوتیشی:” ڕووداوەکە زەرەری گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام ”ئەفسەرێک و سێ پێشمەرگەمان بریندارن و چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە“.
 
لای خۆشیه‌وه‌ سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت”هۆكاری ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وانه‌ له‌ كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌هەرێمی كوردستان حاڵه‌تێکی سروشتییه‌ له‌هه‌موو شوێنێك ده‌گونجێت شتی وا ڕوبدات له‌ ئه‌نجامی شۆرتی كاره‌با و پله‌ی گه‌رما به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ نیه‌ كه‌ گه‌وره‌ بكرێت، حاڵەتێکی ئاسایی و نۆرماڵن “.
 
له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو تا ئه‌مڕۆ سێ كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاگری گرتووه‌، دوو له‌و حاڵه‌تانه‌ له‌نزیك شاری هه‌ولێربوون، حاڵه‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش شه‌وی ڕابردوو له‌ كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی (٧٠)ی پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ تاسڵوجه‌ نزیك پارێزگای سلێمانی”.
Back to top button