دیکتاتۆریەت لە دزداشەی دیموکراسیەتدا
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
لێکۆڵەرانی سیاسی تایبەت بە گواستنەوەی پرسی دیموکراسی بۆ کۆمەڵگا نا دیموکراسیەکان ئەوە دەخەنەڕو کە دیموکراسی پێویستی بە کەشێکی لەبارو کۆمەڵگایەکە کە خۆی دڵی بۆ بکاتەوە نەک بویسترێت بە زۆر بسەپێنرێت،چونکە دواتر دیموکراسیەتی سەپێنراو خۆی لەخۆیدا دەچێتەوە خزمەتی دژەکەی کە دیکتاتۆریەتە.
لەدوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی حزبی بەعس لە ساڵی 2003 وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بە تایبەت کاری سەرەکیان بریتی بوو لە گۆڕینی گشتگیری دەسەڵات لە سیستەمی دیکتاتۆریەوە بۆ دیموکراسی،سەرەتا هەنگاوەکان دڵخۆشکەر بوون و تا تێپەڕبوونی چەند ساڵێک لایەنە سیاسیە دیارەکان پێ بە پێی ئەمریکیەکان کاریان دەکرد تا کێڵگەی سیاسی و دواتریش ئاستە کۆمەڵایەتیەکە لەگەڵ چەمک و بنەماو ژینگەی دیموکراسی ئاشناتر بکەن،بەڵام کاتێک وەڵامدانەوەی کۆمەڵگای ناوەڕاست و باشور کەوتەوە بازنەی یەکەم و ڕەفزی دیموکراسی ئیتر هێزە عەرەبیە مەزهەبیەکانیش لە پێناو پاراستنی پێگەی خۆیان بانگی زۆرینەو کەمینەیانداو داوای دەسەڵاتی ڕەهایان دەکرد و لە تەواوی کارو وتاری پێشویان پەشیمان بونەوە،تەنانەت دەنگ دژی پرسی دیموکراسیەت هێند بەرز بویەوە داوای خوێنی ڕژاوی مێژووی چوارسەدساڵ لەمەوبەر لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق سەری هەڵدا،لە ڕاستیشدا کشانەوەی بەشێک لە سوپای ئەمریکای سەردەمی ئۆباما ڕاستەوخۆ کاریگەری دانا لەسەر
پاشەکشێی دیموکراسیەت لە عێراق.
لەو سەروبەندەدا کوردەکان کە ساڵی نەوەدو دوو یەکەم تۆوی دیموکراسیان چاند بە ئەنجادانی هەڵبژاردن لە بری پاشەکشە لە دیموکراسی وێڕای تێبینیەکان هەنگاوی گەورەیان ناوەو بونەتە نمونەی باڵا لە ناوچەکە،لەو ڕوەوە نوسەرو لێکۆڵەر فیبی مار کوردستان بە دیوە گەشاوەکەی عێراق ناودەبات و تەنانەت بەو ئەزمونە کەمەی حوکمڕانی نایشارێتەوە كە كوردستان لە زۆر ڕوەوە پێش وڵاتانی دراوسێی عێراق کەوتوە.
دواجار
پێویستە ڕوون بێت ململانێکانی نێوان هەولێر ـ بەغداد لە ڕابردو ئێستاو ئایندەش جگە له هەوڵی ڕاگرتنی ڕەوڕەوەی گەشەی دیموکراسی و زۆرێکی تری کایەکان لە هەرێم، خۆی له خۆیدا ململانێی ملکەچکردنی دیموکراسی هەرێمە بۆ دیکتاتۆریەتە نوێکەی بەغداد و هەوڵی شكاندنی شكۆی كوردستان و تەنانەت تاكی كوردە،وە ئەو دیموکراسیەی کە بەردەوام لەسەرزاری دەسەڵاتدارانی بەغدایە بەناوی دەستورو یاسا،ڕون و دیارە کە هەووڵە بۆ دروستکردنەوەی دیکتاتۆریەت چونکە یەک بەندی دەستور نیە لەلایەن خودی بەغدادەوە پێشێل نەکرابێت،هەموو ئەوانەش پێمان دەڵێن سیمای ئێستای بەغداد دیکتاتۆریەتێکی مەترسیدارە لە دزداشەی دیموکراسیەتدا