به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر: مه‌سرور بارزانی خۆی چاودێری پۆلیس و ئاسایش ده‌كات

پاش هه‌ڵمه‌تی ئاسایشی و پۆلیس به‌هاوكاری هێزه‌كانی تری ئه‌منی له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستیان كرد به‌ هه‌ڵمه‌تی كۆتایی هێمان به‌ دارده‌ی چه‌ك، به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ده‌لێـ”ئەوە هەڵمەت نییە کۆتایی بێت و بەردەوام دەبن لە ڕێگری لە هەر کەسێک کە بیەوێ ئارامی و ژیان لە خەڵکی هەولێر تێک بدات. ئاشکراشی دەکات کە مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، خۆیان بەردەوام چاودێرن و بەدواداچوون بۆ ئەرکەکانی ئاسایش و پۆلیس دەکەن”.

له‌ دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی باس، د.تاریق نووری به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ده‌لێـ”لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 50 کەسی سەرپێچیکاریان لە یاسا دەستگیر کردووە، کە تیایەتی تۆمەتبارە و لە دەستی دادگا هەڵاتووە، گوتیشی: ”ئەوەی ئێستا دەکرێ هەڵمەت نییە کۆتایی بێت، بەڵکوو جێبەجێکردنی ئەرکە و ئەگەر لەپێشتر کەمتەرخەمییەک هەبووبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئێستا چارەسەری ئەو کەمتەرخەمییانە کراوە و لەمەودوا بەو شێوەیە کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرپێچیکاران لە یاسا دەکەین و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئارامیی پایتەخت و خەڵکی تێک بدات، ئاشکراشی کرد، ئەو هاوئاهەنگییەی کە ئێستا لەلایەن هاووڵاتییانەوە زیاتر درکی پێ دەکرێت لەنێوان ئاسایش و پۆلیس پێشتریش هەبووە و بە بەردەوامی دەمێنێت، ئەوەی ئێستا توندوتۆڵتر کراوە و خاڵە لاوازەکان ئەگەر هەبووبن چارەسەر کراون، گوتیشی: ”لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر چەک و کەرەستەی توندوتیژیمان دەستبەسەردا گرتووە، کە هۆکارن بۆ ئەنجامدانی تاوان، بە دەیان چەکی بێ مۆڵەتن و لەگەڵیادا خاوەنەکانیشیان بە بڕیاری دادگا دەستیگر کراون، کە کۆی ئەو کەسانەی گیراون نزیک دەبێتەوە لە 50 سەرپێچیکار لە یاسا“.

به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌ ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا کار بۆ بنبڕکردنی ئەو چەکانە دەکەن کە لە بەردەستی خەڵکانێکدان و مۆڵەتیان نییە، گوتی: ”لە قۆناغی داهاتووشدا لیژنەیەکی ئەمنی هەیە، ئەو بڕیار دەدات هەنگاوی دواتر چی دەبێت، هەر بڕیارێک بدات بۆ بەسەرداچوونەوەی مۆڵەت یان هەر شتێکی دیکە، بەدڵنیایەوە جێبەجێیان دەکەین،  ئەوەشی خستە ڕوو، هەر کەسێک پێشتر مۆڵەتی چەکی پێ درابێت، نووسراو بۆ پۆلیس کراوە کە کەسەکە پێشینەی تاوانی نەبێت، بۆ تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش کراوە، کە لەڕووی عەقڵییەوە کەسەکە گرفتی نەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لیژنەی ئەمنی بڕیاری پێداچوونەوە بدات و ڕێوشوێنی دیکە دیاری بکات، جێبەجێی دەکەین.

هه‌روه‌ها د. تاریق گوتیشی، بابەتی پێداچوونەوەی مۆڵەت زیاتر لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە، چونکە مۆڵەتەکە لەلایەن ئەوانەوە دەردەچێت، بەردەوامییان بەو شێوەیە لەسەر سەرپێچیکاران رێژەی تاوان کەم دەکاتەوە و ئارامیی زیاتر دەدات بە شاری هەولێر و ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی ناهێڵێت، گوتیشی: تاوانبار ئەگەر لەدەرەوە بێت و سزا نەدرێت، ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی دیکەیشی هەیە، لەبەرئەوە گرنگە تاوانبار بە سزای خۆی بگات،ئاماژەی بەوەش دا، لەو ماوەیەدا ژمارەیەک تاوانبار گیراون، خەڵک هەیە پێی وایە کەسانی ترسناک بوون، بەڵام خەڵکی هەولێر دڵنیا دەکەینەوە لای هێزەکانی ئاسایش هیچ کەسێک ترسناک نییە و دەست لە هیچ تۆمەتبارێک یان سەرپێچیکارێک ناپارێزین، ئەگەر بەسەر تانکیشەوە بێت، گوتی: ”دەستکراوەین بۆ دەستگیرکردنی هەر تۆمەتبارێک بۆ بەردەم دادگا، کوڕی هەر کەس و لە هەر عەشیرەتێک بێت، جەنابی مەسروور بارزانی، خۆی بەردەوام چاودێرە و بەدواداچوون بۆ ئەرکەکانی ئاسایش و پۆلیس دەکات، پشتیوانیی هەموو هەوڵێکە کە ئارامیی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکات، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە نابێ هیچ کەسێک لە کوردستان لەدەرەوەی یاسا بێت“.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەوەی تاوان بکات و تۆمەتبار بێت و سەرپێچی بکات بۆ تێکدانی ئارامی و ژیانی خەڵکی و فەرمانی گرتنی بۆ دەربچێت، دەستگیری دەکەن و دەیدەنە دەستی دادگا، گوتی: خەڵکی شاری هەوڵیر دڵنیا دەکەینەوە، بەو شێوەی لەم ماوەیەدا هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسیان بینیوە، لەمەودوا بەردەوام دەبن“.

Back to top button