بۆ پێکهێنانی شاندی هاوبەش بۆ بەغدا، سبەی مەکتەبی سیاسيی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە
لەگەڵ ئەوەی پێشتر سەرکردەکانی هەردوو حزب ڕایان گەیاندبوو کە پارتی و یەکێتی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەیەک شاند دەچنە بەغدا، بهرپرسێكی باڵای یهكێتیی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دهكات کە سبەی لە هەولێر مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە بارەی ناردنی شاندی هاوبەش بۆ بەغدا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ دەکەن.
سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند: ”نیوهڕۆی سبهی چوارشەممە (4-7-2018) مەکتەبی سیاسی یەکێتیی و پارتی لە هەولێر کۆدەبنەوە و لەبارەی ناردنی شاند بۆ بەغدا گفتوگۆ دەکەن“.
ڕوونیشی کردەوە، کە کۆبوونەوەکەیان سهبارهت به بەغدا دەبێت، کە چیبکەن و چۆن شاند بڕوات هەروەها چۆن هاوکاری یەک بکەن، ئاحۆ چاوەڕێی لایەنەکان بکەن یان نا.
گوتیشی: “یەکێتی و پارتی لایەنی ناردنی شاندی هاوبەشن بۆ بەغدا، چونکە بابەتێکە پەیوەندی بە ئامادهیی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردییەوە هەیە”.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ لە کۆبوونەوەی سبەی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باس دەکرێت؟ گوتەبێژی یهكێتی گوتی: ”نەخێر، چونکە بابهتێكی نوێ له ئارادا نییه تا باسی بکەین”