کاتی ئەوەیە یوسف محەمەد بخرێتە بەردەم بەرپرسیاریەتی
کارزان سەباح هەورامی
پارتی و یەکێتی دوای دەیان ساڵ، لە شەڕی ناوخۆی و ململانێی حزبی، دواجار لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لە رێگای رێککەوتنی ستراتیژی یەکگرتنەوەی ئیدارەی حکوومەت، توانراوە سەهۆڵی بێ متمانەی و ململانێی سیاسیان کۆتایی پێبهێنن، بەوەی بەرێککەوتن ئیدارەی کوردستان ببەن بەرێوە، دوای هەوڵەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ گۆڕینی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دواتر لە رێگای هەوڵێکی یوسف محەمەد، توانار جارێکی دیکە بێ متمانەی لەنێوان پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەی کوردستان دروست ببێتەوە، چونکە ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان کرا، کەم نەبوو، ئەو پلانەش لەرێگای بزووتنەوەی گۆڕانەوە بوو، بەڵام پلانە لە رێگای یوسف محەمەدەوە ئەنجام درا، کە وای کرد سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان بکەونە سەنگەرەوە.
لەماوەی رابردوو رێکەوتنێکی نهێنی هەبووە، لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەوەی ئەگەر بێت و یەکێتی واز لە رێککەوتنی ستراتیژی بهێنێت، ئەوە دەتوانێت لەبەرانبەردا لێگەیشتنی دەباشان بکاتە رێککەوتن، و شوێنی رێککەوتنی ستراتیژی بگرێتەوە، دەسکەوتی ئەو ئاڵوگۆڕەش ئەوەش دەبێت کە یەکێتی چیتر لەبەرانبەر پارتی وەک خۆیان دەلێن سازش ناکات و ئەو کاتە پۆستی سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان بۆ دەگەرێتەوە، بۆیە باڵێک لەناو یەکێتی ئەوەی پەسەند کرد و لە رێگای هەوڵەکانی یوسف محەمەدەوە کودەتا بەسەر سەرجەم رێککەوتنەکان کرا و دواتر بانگەشەیان بۆ جۆرێک لە دووئیدارەی کرد.
لە سەرجەم وڵاتان کارێکی زۆر ئاساییە ئەگەر حاڵەتێکی لەو شێوە ڕووبدات سەرۆکی پەرلەمان بهێنرێتە بەردەم دادگای باڵا و ڕوونکردنەوەی خۆی بدات، بۆیە دەکرێت لەسەر ئەم پرسە یوسف محەمەد ڕوونکردنەوە بداتە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە کوردستان و دواتر لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان کۆببنەوە، چونکە دەبێت پێش بزووتنەوەی گۆڕان یوسف محەمەد بەرپرسیاریەتی قۆناغە لە ئەستۆ بگرێت چونکە ئەو وەک سەرۆکی پەرلەمان باڵانسی سیاسی کوردستانی تێکدا.