كورد له هاوكێشهی نهخشهی هاوبهشی ترهمپ و پۆتین دهبێت چی بكات
راپۆرتی شیكاری:تەنیا کوردی
بەشی دووەم لە نەخشەی هاوبەشی ترامپ و پووتین- رێککەوتنی سەدە لەسەر ئوراسیا و رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا..کورد دەبێ چی بکات؟
بازنەی دووەم- بژاردەی بەردەم ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە لە بەردەم سێگۆشەی هاوبەشی ئەمەریکا و رووسیا و ئیسرائیلدا..کەوتنی بەریتانیا و چین
هەر لە نەخشەکەی بۆڵتن کە بە هاوکاری رووسەکان دەخرێتە بەردەم پووتین و ترامپ، لە دیداری نێوانیاندا پووتین بژاردەیەکی دیکەی پاڵپشتی دەداتە ترامپ بۆ ئەوەی کە هاوکاری بێت لە سەرکەوتنەوەی ترامپ لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پووتین لە هەڵبژاردنی ترامپدا لەنێو ئەمەریکادا هاوکارێکی باش بوو کە پشتی ترامپی گرت و لە بەرژەوەندی هێلای کلینتۆنی دا، بۆیە سەرکەوتنەوەی ترامپ بۆ پووتین و رووسیا بە هەنگاوێکی ئەرێنی سەیر دەکرێ، وەک دەبینرێ کە لۆبی رووسەکان لە ئەمەریکا زۆر بەهێزە، لەم لۆبیەدا ئیسرائیلیش بەشدارییەکی کارایی هەبوو، ئێستا کە ترامپ هاتووەتە سەر حوکم بەرەوپێشچوونی پێوەندی نێوان ئیسرائیل و رووسیا و ئەمەریکا وەک سێگۆشەی هاوبەشی کارکردن لە رۆژهەڵاتی ناویندا خێراتر بووە ئەمەش وا دەکات کە هەنگاوەکانی نەخشەی ترامپ و پووتین لە رۆژهەڵاتی ناوین و بەرانبەر ئۆراسیا بە تایبەتی زیاتر جێگەی خۆی بگرێ، بۆیە لەبەرنجامی ئەو نەخشەیەدا چارەنووسی چەندین وڵات لە نێوان رووسیا و ئەمەریکا یەکلا دەکرێتەوە، لەوانە پرسی، ئێران، داعش، سووریا، یەمەن، سعوودیە، میسر، تورکیا، عێراق، قەتەر، هەروەها لە باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا قسەکردن لەسەر هەردوو کۆریا و یابان و چین دەکرێ.
شیکاری هاوکێشەکە چۆنە؟
لە ئەورووپا پرسی ناتۆ و ئۆکرانیا، شوێنفووزی داهاتوی رووسیا بۆ کوێ دەبێ، هەروەها شوێننفووزی ئەمەریکا تا کوێ دەڕوات. پرسی بەریتانیا تەوەرێکی دیکەی نەخشەی نێوان پووتین و ترامپ دەبێ، بەرژەوەندی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئەورووپا و ئاسیادا سیاغەدەکرێتەوە کە ئەم جارە بەربەستی زۆر دەخرێتە بەردەم بەرژەوەندی ئابووری بەریتانیا، چونکە وەک دەبینرێ کە ئیسرائیل بە تەواوەتی بەرەی بەریتانیای جێهێشتووە و لەگەڵ ئەمەریکا و رووسیا هاوبەشی جێبەجێکردنی نەخشەکە دەکات، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە لەوەی کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین لەژێر هەیمەنەتی بەریتانیا بێنە دەرەوە.
بەگوێرەی نەخشەکە شەرعیەت دەدرێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کە یابان و چین بخرێنە کێبرکێی توند بۆ ئەوەی رووسیا و ئەمەریکا سوودمەندی سەرەکی بن. چین یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کێشەی ئابووری بۆ رووسیا و ئەمەریکا دروستکردووە، بۆیە بۆ چۆنیەتی مقاوەمەی بەرژەوەندی ئابووری رووسیا و ئەمەریکا باشترین بژاردە پشتگیریکردنی یابانە، لەگەڵ ئەوەی سنووری ئابووری چین لە هەندێ شوێنی رۆژهەڵاتی ناوین بەرتەسک دەکەنەوە، ئەمەش بەهۆی دروستکردنی بەربەستی دەریایی لەبەردەم چۆنیەتی مامەڵەکردنی چین و هەناردەی بە بازارکردنی کاڵاکانی.
شەرعیەت دەدرێتە بەرژەوەندی ئابووری رووسیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت خەلیج، کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ئەمەریکا دەرفەتی دایە رووسیا کە گرێبەست لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بکات، ئەمەش زیاتر وا دەکات کە بەرژەوەندی ئەمەریکا و رووسیا ببێتە جەمسەری هاوبەشی ئابووری لە ناوچەکەدا لە بەرانبەردا بەریتانیا و چین و ئێران سنووری ئابووریان لە ناوچەکەدا بچوکتر ببێتەوە.
سەبارەت بە سووریا پێش کۆبوونەوەکە رووسیا کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی راگەیاند ئەمە رەنگە بۆ ئەوەبێ تا ئەمەریکاش رازیبێ هیزەکانی بکشێنێتەوە، قسە لە چۆنیەتی بە فیدراڵیکردنی سووریا و یەمەن، لوبنان هاوشێوەی عێراق دەکرێ، هەروەها سانسۆرکردنی بەرژەوەندی ئابووری ئیماڕات و سوودوەرگرتن لە کەرتی وزەی رۆژهەڵاتی ناوین و چۆنیەتی بە بازاڕکردنی نەوتی ئۆپیک و هەروەها سوود وەرگرتن لە بە بازاڕکردنیان لە ئەورووپادا دەکرێ.
لە کۆبوونەوەکەدا لە باسی سعوودیە و میسر و قەتەر قسەی لەسەر دەکرێ، بە ئاراستەی دابڕانی زیاتری قەتەر لە ئێران و بەریتانیا، هەروەها سوودمەندبوونی زیاتری ئەمەریکا و رووسیا لەگەڵ سعوودیە، هاوبەشی کردنی زیاتری ئیسرائیل لەگەڵ ئەمەریکا و رووسیا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە دا، کە لە ئێستادا وڵاتانی عەرەبی بە چوار خاڵ لەلایەن ئەمەریکا هەیکەلی رێخستنەوەیان بۆ دروستکراوە تا بەتەواوی بخرێنە ژێر هەیمەنەتی ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشەی کە لە سێگۆشەی ئەمەریکا و رووسیا و ئیسرائیل بۆ ناوچەکە هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی زەریای هیندی دەکرێ کە چۆن بەرژەوەندی رووسیا و ئەمەریکا لە مەوجی بازرگانی ئابووری لە زەریاکاندا جێگیر بکرێ، کە لەوێدا بەربەستێکی گەورە دەخرێتە پێش بازرگانی چین و بەریتانیا، ئەمەش وا دەکات کە بەربەستیکی راستەقینە تووشی ئابووری چین بکات، هەروەها باسی دروستکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی فەرەنسا و ئیتالیا و ئەلمانیایش دەکرێ لەگەڵ رووسیا و ئەمەریکا دا، کە چۆن بتوانرێ لە بەدیلی بەریتانیا ئەم دوو جەمسەرەی ئەورووپا زیاتر بەرەو پێوەندی دیپلۆماسی جێگیر بڕۆن و هۆکارێک بن بۆ ئەوەی بەریتانیایەکی پەراوێزخراو لە ئەورووپا جێبێڵن.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی دیکەی دیدارەکە مەلەفی ئەتۆمی ئێران و کۆریای باکوور دەگرێتەوە، ئەمەریکا پاکێجێک دەداتە رووسیا کەدەبێ لە ماوەی ساڵێکدا کۆریای باکوور زۆرینەی چەکی ئەتۆمی لەنێو ببات، چونکە رووسیا رۆڵی سەرەکی هەبوو لە گفتوگۆی نێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکا. ئەمەریکا پاکێجێکی نوێی داناوە تا لەگەڵ ئەورووپا لەسەری رێککەون و لە بچوکبوونەوەی دەسەڵاتی ئێراندا لە رۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها لە مانگی ١١ دەبێ ئەورووپا کۆمپانیاکانی لە ئێران نەهێڵێ، چونکە دەکەونە ژێر سزای ئەمەریکا، لە ئەگەری مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا لەڕووی بازگانیدا ئەوا ئەمەریکا رێگری لە جوڵەی ئابووری ئەو وڵاتانە دەکات و بەمەش کۆمپانیاگەلێکی زۆر تووشی مایەپووچی دەبن.
ئێران دەبێ چی بکات؟
دوای کۆبونەوەکە دەبێ ئێران خۆی ئامادە بکات و چارەنووسی خۆی هەڵبژێرێ، ئاخۆ بە مەرجی ئەمەریکا رازی دەبێ کە بەهاوکاری رووسیا زەمینەیەکی نهێنی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ برەخسێ، وەک ئەوەی کە رووسیا بۆ کۆریای باکووری ئەنجامدا و رۆڵی هەبوو لە دیداری سەرۆکی کۆریا و ئەمەریکا، یانیش لەسەر ئەو نەهجە بەردەوام دەبێ کە بەتەواوەتی بکەوێتە بۆسەی پێشوەختەی ئەمەریکا و رووسیا، ئێستا وەک دەبینرێ کە سەرۆکی ئێران لە وڵاتانی ئەورووپایی دەگەڕێ، ئەو پێیانی گوتوون کە ئەگەر نەوتی ئێران رابگیرێ، کێشە بۆ بەرژەوەندی ئابووری ئێران دروستبکرێ ئەوا ئێرانیش لە ناوچەکە کێشەیان بۆ دروست دەکات، ئیدی بژاردەی ئێران تادێ لە بەردەم دوو رێگەدا بچوک دەبێتەوە..
یەکەم: یان کشانەوەی تەواو لە رۆژهەڵاتی ناویندا و دەستهەڵگرتن لە کەیسی سووریاو عێراق و یەمەن و لوبنان کە سەرەتا دەبێ میلیشیاکانی بکشێنێتەوە و مەلەفی ئەتۆمیش بخاتە بەردەم چاودێری ئەمەریکا.
دووەم: یانیش ئێران کارتەکانی لە ناوچەکە بەگەڕدەخات و مەوجێکی تەشویش لە ناوچەکە دروستدەکات بۆ ئەوەی هەندێ کات بەدەستبێنێ بۆ چۆنیەتی مقاوەمی ئابووری.
لە هەردوو بژاردەدا ئێرانێکی بچووک پێشبینیکراوە کە لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، چەندی ئێران لە دەرەوەی سنووری خۆی گوشار دروستبکات هێندەی دیکە گوشاری ئابووری زیاتر بۆنێو سنوورەکانی و خەڵکەکەی دێ، بۆیە دۆخی ئێران تادێ زیاتر دەچێتە قورساییەک کە لەدواجاردا ئێران ناتوانێ بەرگەی بگرێ.
تورکیا چی؟
سەبارەت بە تورکیا هەردوو وڵات کۆکن لەوەی کە ئەرۆدگان بووەتەوە سەرۆکی تورکیا، بە هاوبەشی لەلایەن ئەمەریکا و رووسیا مەمەڵەی لەگەڵ دەکرێ، چونکە بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی تورکیا و بۆ سنوودارکردنی دەسەڵاتی ئێران هەم رووسیا و هەمیش ئەمەریکا سوودمەند دەبن و بەپێچەوانەوە بەرژەوەندی بەریتانیا دەکەوێتە مەترسییەوە، تورکیا لە ئێستادا لەلایەن رووسیا و ئەمەریکا بەکاردەهێنرێ لەبەر ئەوەی شوێنی جیوگرافیای سیاسی تورکیا پێکبەستەی نێوان ئۆڕاسیایە، بۆیە تا یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئێران بە هاوبەشی مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکرێ، بەڵام وانەیەکی نهینیش بۆ تورکیا هەیە کە لە کۆتاییدا ئەگەر وریای خۆی نەبێ بە هەمان شێوەی ئێران کێشەی بۆ دروست دەبێ، چونکە سێگۆشەی بەرژەوەندی ئەمەریکا و رووسیا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا زومێکی دەچێتە سەر تورکیایش لە کۆتایی چارەکردنی کێشەی ئێراندا، بۆیە تورکیا لەگەڵ ئەوەی کە بەشێک لە قەبارەی دەکشێ، بەڵام تورکایەکی جوڵەپێکراو لە دەستی رووسیا لەلایەک و لە دەستی ئەمەریکا لەلایەکی تر و لە دەستی ئیسرائیل وەک گەمەی ئابووری، ئیدی زۆر ئەستەمە تا کۆتایی بتوانێ یاریکەرێکی دیپلۆماسی باش بێ لەسەر سێ هێڵی سەرەکی ئەم سێگۆشەیەدا، بوونی تورکیا تا ئەو رادەیە لە سووریا دەمێنێتەوە تاوەکوو دەرگا بە رووی رێککەوتنی کۆتایی نێوان ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن لە رەشنووسێکی هاوبەش دەکرێتەوە، لەگەڵ وەدرەنانی ئێران لە سووریادا زومی وەدەرنان دەکەوێتە سەر تورکیایش، چونکە لە ئێستادا کە کاریان بە تورکیایە لەبەر تێکدانی سێگۆشەی بەریتانیا و ئێران و تورکیا بوو، لە بەشەکانی دیکە تەواو روونی دەکەمەوە کە سێگۆشەی بەریتانیا و ئێران و تورکیا چۆن دەستیان لە کەوتنی مووسڵ و داگیرکردنی کەرکووک هەبوو بۆچی ئەمەریکا و رووسیا چاوپۆشیان کرد؟
چاوەڕێی بەشی سێیەم بن