وه‌رچه‌رخانی هێز بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسەی سەربەخۆیی
فەرهاد محەمەد
ئه‌وه‌ی ساڵێك پێش ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا مه‌به‌ستی بوو و بۆی نه‌هاته‌دی، شكست پێهێنانی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو. ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان پیلانی بۆ دانابوو، ئه‌وه بوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك هێزێكی جه‌ماوه‌ری و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وه‌ك هێزێكی خاوه‌ن پێشمه‌رگه و پاره ده‌توانن یه‌كبگرن و هاوسه‌نگیی هێز به‌رامبه‌ر پارتی بگۆڕن، بەڵام پێچەوانە شكایەوە و بەرەی سەربەخۆیی فراوانتركرد و ئێستا فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌كانی 70 و 80 و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌موویان پێكه‌وه له‌ژێر فه‌رمانده‌یی گشتی هێزهچهكدارهكانی كوردستان، پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی به‌ره‌و كه‌ناری ئارام ده‌به‌ن.
له ئێستادا ته‌نیا لایه‌نێك كه وه‌ك تاكتیك خۆی گرێداوه‌ته‌وه به سیاسه‌ته‌كانی نه‌وشیروان و ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی به خۆی ناكرێت له رێگه‌ی گۆڕان و نه‌وشیروانه‌وه ئه‌نجامی بدات، عه‌لی باپیر و به‌شێك له كۆمه‌ڵی ئیسلامی-یه، ئامانجی ئه‌م هاوپه‌یمانییه تاكتیكییهی عه‌لی باپیر له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا، ته‌نیا رهههندێ له‌خۆی ده‌گرێت و ئه‌ویش له دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا یه‌كده‌گرنه‌وه، ئه‌م ئامانجه‌ش هیچكام له عه‌لی باپیر و نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌یانشاردۆته‌وه، دیاره له‌م قۆناخه‌دا ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌وپه‌ڕی شكستی سیاسی‌دا نه‌بوایه، ئه‌وا رێككه‌وتنی تاكتیكی ئاشكرای له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌كدا نه‌ده‌كرد، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵی ئیسلامی-یش بێت.
دیاره عه‌لی باپیر و به‌شێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌زانن، كه هیچ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی كوردستاندا چاوه‌ڕێی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا ناكات، ته‌نیا ئاینده‌یه‌ك كه چاوه‌ڕێی بكات، ئه‌وه‌یه كه گۆڕان له‌گه‌ڵ باڵی زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی یه‌كبگرێته‌وه و خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، له‌م حاڵه‌ته‌شدا كه عه‌لی باپیر هه‌مان رێگه‌چاره‌ی نه‌وشیروان مسته‌فای له‌به‌رده‌مدا نییه كه په‌نای بۆ به‌رێت، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی تاكتیكی خۆی به نه‌وشیروانه‌وه گرێداوه، به‌ڵام له‌م لاشه‌وه هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی تاكتیكی خۆی به پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستانه‌وه گرێداوه، راشكاوانه‌تر نه ده‌توانێت بڕیار بدات خۆی له‌په‌رله‌مان و حكومه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسی بكشێنێته‌وه، نه ده‌شتوانێت وه‌ك لایه‌نێكی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ بریار بدات خۆی بكاته‌وه به به‌شێك له پرۆسه سیاسییه‌كه. ئه‌م سیاسه‌ته تاكتیكییهی عه‌لی باپیریش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ ژینگه‌ی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی كوردستان جۆرێك له نیگه‌رانی دروستكردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆی به‌لایه‌كدا ساخ نه‌كاته‌وه، ئه‌وا سه‌ره‌نجام ده‌بێت وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بیر له خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، یان خۆ تێكهڵاوكردنهوه له‌گه‌ڵ حزبێكی دیكه بكات، به‌ڵام ئه‌م ئه‌گه‌ر و رێگه‌چاره‌یه ئه‌گه‌ر بۆ گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا رێگه‌چاره‌یه‌كی له‌بار بێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان وه‌ك سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌ڵێت هه‌ر یه‌ك حزب بوون، ئێستاش ده‌بنه‌وه به‌یه‌ك حزب، به‌ڵام بۆ عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵ نه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و نه له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌مان بنه‌ما نییه، ئه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه هه‌بوو كه بزووتنه‌وه و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به یه‌ك لیست وه‌ك لیستی ئیسلامی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن.
بچووك بوونه‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌قڵییه‌تی شه‌ڕانگێزی نه‌وشیروان مسته‌فا و عه‌لی باپیر، بۆ هه‌ردووكیان و به‌شێك له گۆڕان و به‌شێك له كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیشدا، جۆرێك له بۆچوونی جیاواز به‌رامبه‌ر بۆچوونه‌كانی نه‌وشیراوان مسته‌فا و عه‌لی باپیر دروست بوون و هه‌ستێك هه‌یه و په‌ی به‌وه بردووه كه شوێنكه‌وتنی كوێرانه كاره‌ساتی گه‌وره به‌سه‌ر ئایندهی ئه‌و دوو حزبه‌دا ده‌هێنێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ك حزبی سه‌ره‌كی له كوردستان و بڕوابوونی به فره‌لایه‌نی و پێكه‌وه‌ژیان و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و هه‌وڵدان بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش له كوردستاندا، هه‌مووكات ئاماده‌ی ئه‌وه بووه له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی لاپه‌ره‌ی تازه ههڵبداتهوهو ئاژاوه‌و ناسه‌قامگیری كۆتایی پێ بهێنێت، بۆیه هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می سیاسه‌ته راسته‌كانی پارتی له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوو توانی له‌بارودۆخێكی ناسك و هه‌ستیاردا و به هاوكاری حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه كۆنتڕۆڵی ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره بكات و سه‌قامگیری كوردستان بپارێزت، له ئێستاشدا كه به‌ره‌و گۆڕانكاری گه‌وره هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرین و كوردستان له‌دوا قۆناخه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی نزیك ده‌بێته‌وه، كاتی ئه‌وه‌یه هه‌موو لایه‌ك په‌ند له هه‌ڵه‌كانی رابردوو وه‌ربگرن و هه‌موو لایه‌ك به گیانی یه‌كتری قبوڵكردنهوه لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه بكه‌نه‌وه و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش پێكه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵبگرن.