سه‌رۆك بارزانی: پێداگری ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌م سێ په‌ره‌نسیپه‌

سه‌رۆك بارزانی، له‌ میانی پێشوازیكردنی ڕائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی و شاندێكی یاوەری, له‌ سه‌ڵاحه‌ددین، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، پێكهاتنی حكوومەتی داهاتووی عێراق پێویستە لەسەر بنەمای سێ پڕەنسیپی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی بێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا، سه‌رۆك بارزانی روونی كرده‌وه‌، جێبەجێكردنی ئەو بنەمایانە پێویستی بە دیاریكردنی گەرەنتی و میكانیزمی ڕوون و هەروەها یەكلاییكردنەوەی هەموو وردەكارییەكانە، ئەوەیش پێویستە بەر لە دیاریكردنی ئەشخاس بۆ وەرگرتنی پۆستەكان ئەنجام بدرێت.

سه‌رۆك بارزانی دووپاتیشی كرده‌وه‌، بەلای هەرێمی كوردستانەوە پڕەنسیپەكان و میكانیزمی جێبەجێكردن و هەبوونی گەرەنتی ئەولەوییەتی سەرەكییە نەك ئەشخاس و پۆستەكان.

لای خۆیه‌وه‌ رائید فه‌همی، سكرتێری حزبی شیوعیی عێراق ڕوانگەی حزبەكەی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و هیوای ئەوەیشی خواست كە دوای دەرچوونی ئەنجامە فەرمییەكان هەموو لایەك بتوانن شەریك بن لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق.

جەختی لەوەش كردەوە حزبی شیوعیی عێراق خوازیاری بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو لایەكن لە حكوومەتی داهاتوو و ئەوەیشیان خستە ڕوو كە دەیانەوێ كە هاوپەیمانیی سائیرون هەڵوێستی ئیجابی لەمەڕ داواكاری و مافەكانی گەلی كوردستان هەبێت.

Back to top button