نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ بالیۆزی نوێی ژاپۆن باسی چی كرد

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی ژاپۆن، لە دیدارێكدا هیوایان خواست بە ‌زووترین كات كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق پێك بهێنرێت، تاكو خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات و كێشەكان چارە بكرێن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/7/2018، پێشوازیی لە فۆمیۆ ئیوای، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و، كاسۆمی موریاسۆ، كۆنسووڵی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا، باڵیۆزی ژاپۆن كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە عێراق سەردانی سەرۆكوەزیرانی كردبوو، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پشتگیری لە كار و چالاكییەكانی لە ماوەی كاركردنیدا و، جەختی لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆن كردەوە.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی فۆمیۆ ئیوای كرد بۆ ئەو كار و چالاكییانەی لە عێراق و هەرێمی كورستان ئەنجامی داون،‌ كە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ژاپۆن و عێراق بە گشتی و بە تایبەتی هەرێمی كوردستان هەبووە و، لە كاری نوێیدا هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ هەموو ئەو هاوكارییانەی پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی كردووە و هیوای خواست لە چوارچێوەی پڕۆگرامی هاوكارییاندا بۆ عێراق، بەشی هەرێمی كوردستان دابین بكەن.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، باس لە پرۆسەی سیاسیی عێراق كرا و هەردوولا هاوڕا بوون كە بە ‌زووترین كات كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق پێك بهێنرێت، تاكو خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات و كێشەكان چارە بكرێن.

Back to top button