‌نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی UNHCR كرد

 

دوای ئه‌وه‌ی شاندێكی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌یشتنه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی پێشوازیان لێكرا, له‌ میانه‌ی گفتوگۆكه‌یاندا  سه‌ر‌ۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ كرد بۆ گه‌یاندنی هاوكاری به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و هه‌ماهه‌نگی و هاریكارییان له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا.

ماڵپه‌ڕی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2018/7/5 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ ئه‌مین عه‌واد به‌رپرسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئافریكای كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان UNHCR و برۆنۆ گیدۆ به‌رپرسی كۆمسیۆن له‌ عیراق و شاندێكی یاوه‌رین كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا ئه‌مین عه‌واد سوپاسی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن و دابینكردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێشكه‌شكردنی هاوكاری و خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆیان، هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر پلانی ئاژانسه‌كه‌یان به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان و باشتركردنی ژیانی په‌نابه‌ران له‌ناو كه‌مپه‌كاندا.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌ر‌ۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئاژانسه‌كه‌یانی كرد بۆ گه‌یاندنی هاوكاری به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و هه‌ماهه‌نگی و هاریكارییان له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا.

نێچیرڤان بارزانی‌ ئاماده‌یی حكومه‌تیشی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و UNHCR نیشان دا به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان پاش ئه‌وه‌ی متمانه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئاسایشی ناوچه‌كانیان سه‌قامگیر ده‌بێت.

شاندی میوان ئه‌م هاوكاری و ئاسانكارییانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌رز نرخاند و سوپاسیان كرد.

Back to top button