ئه‌و وه‌زیره‌ ئیسرائیل یه‌ی تۆمه‌تی سیخوڕی كردنی بۆ ئێران درایه‌ پاڵ ئه‌مڕۆ دادگایی كرا

 

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زیرێكی پـێشووی ئیسرائیل تۆمه‌تی‌ سیخوڕیكردن بۆ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانی درایه‌ پاڵ, ئه‌مڕۆغۆنێن سێغێڤ وه‌زیری پـێشووی ئیسرائیل كه‌ به‌ سیخوڕیكردن بۆ ئێران تۆمه‌تباركراوه‌، برا بۆ دادگایه‌كی شاری ئۆرشه‌لیم و له‌وێ له‌ دانیشتنێكی داخراودا تۆمه‌ته‌كانی ئاڕاسته‌كرا.

غۆنێن سێغێڤ، ته‌مه‌ن 62 ساڵ، كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو ساڵی 1995 و 1996 وه‌زیری وزه‌ و ژێرخانی ئیسرائیل بوو، ئه‌مڕۆ به‌ جلوبه‌رگی ئاسایی بۆ دادگای ئۆرشه‌لیم برا تاوه‌كو ده‌قی تۆمه‌ته‌كانی ئاڕاسته‌بكه‌ن.

به‌شێك له‌ ده‌قی تۆمه‌ته‌كان بۆ میدیاكان ئاشكراكرا، به‌ڵام به‌شكه‌ی دیكه‌ی به‌ نهێنی هێڵراوه‌ته‌وه‌.

به‌پـێی تۆمه‌ته‌كانی ئاشكراكراون، ناوبراو به‌ ئامانجی زیان گه‌یاندن به‌ ئاسایشی وڵات زانیاری گواستووه‌ته‌وه‌ و له‌ كاتی شه‌ڕدا سیخوڕی بۆ دوژمن كردووه‌. هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 2012 كه‌ له‌ نه‌یجیریا ده‌ژیا، زانیاری له‌ باره‌ی چه‌ند شوێنێكی ئاسایشی ئیسرائیل و كاربه‌ده‌سته‌كانی داوه‌ به‌ ئێران.

میدیاكانی ئیسرائیل ده‌ڵێن: “له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی‌ نزیكه‌ی 50 خاڵی نیو ده‌قی تۆمه‌ته‌كان ئاشكرا ناكرێن، چونكه‌ په‌یوه‌ندیـیان به‌ چۆنیه‌تی ده‌سـتكه‌وتنی زانیاریـیه‌كان و پـێدانی به‌ ئێرانییه‌كان هه‌یه‌”.

غۆنێن سێغێڤ له‌ مانگی پـێنج له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ته‌لئه‌بیب له‌ لایه‌ن ده‌زگای زانیاری ئیسرائیل كه‌ به‌ شین بێت ناسراوه‌ به‌ نهێنی ده‌سـتگیركرا، پاشان له‌ 18 ی مانگی شه‌ش هه‌واڵی ده‌سـتگیركردنه‌كه‌ی ئاشكراكرا.

شین بێت ده‌ڵێت: “غۆنێن سێغێڤ له‌سه‌ر تۆمه‌تی په‌یوه‌ست به‌ قاچاغچێتی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ وڵاتی گینیا ده‌ركراوه‌”.
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ناوبراو له‌ ژماره‌یه‌ك وڵات له‌گه‌ڵ ئێرانیـیه‌كاندا په‌یوه‌ندیكردبوو و له‌ باره‌ی ده‌زگا ئاسایشیـیه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی ئیسرائیله‌وه‌ زانیاری پێداون”.

جێی ئاماژه‌یه‌ ناوبراو پـزیشكه‌ و ساڵی 1992 بووه‌ به‌ په‌رله‌مانتار و ساڵی 2003 له‌ لایه‌ن دادگایه‌كی ئیسرائیله‌وه‌ بڕیاری زیندانی یه‌ك ساڵی بۆ درا به‌ تاوانی هه‌وڵی فرتوفێڵكردن، به‌ڵام جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی راگیرا، هه‌تا دواتر 5 ساڵ زیندانی كرا به‌ تۆمه‌تی بازرگانیكردن به‌ حه‌بی هۆشبه‌ر.

Back to top button