ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی بلاوكرده‌وه‌

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت : لەمەدوا لەگەڵ یەكێتی بە بەرنامەیەكی ھاوبەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكەن.
 
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا به‌ چوار خاڵ ورده‌كاری كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مرۆ ئاشكرا ده‌كات له‌ خاڵی یه‌كه‌م دا ده‌ڵێت:” به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی، رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 7ی 7ی 2018، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا و، چه‌ند بابه‌تێكی خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆكردن و بڕیاری پێویستی وه‌رگرت، یه‌كه‌م: بارودۆخی گشتی و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌رئه‌نجام و لێكه‌وته‌كانی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ رای پارتیمان به‌ڕونی راگه‌یاندرا كه‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌ك ریزی لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كوردستان، هێزێكی زیاتر ده‌داته‌ لایه‌نی كوردستانی بۆ به‌ره‌نگاری ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی روبه‌ڕوی ویست و خواستی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بنه‌وه‌ .”
 
له‌به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ خاڵی دووه‌م دا هاتووه‌:” هه‌وڵه‌كانی لایه‌نه‌ كوردستانی و عێراقیه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، پارتیمان په‌یوه‌ندی و هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه‌یه‌كی ئاماده‌كراو كه‌ زامنی شه‌راكه‌ت و ته‌وافق و ته‌وازنه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، گفتوگۆی پێویست ئه‌نجامدراوه‌ و له‌مه‌و دواش به‌رده‌وام ده‌بین، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌ن و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كانی كه‌ هه‌ن یان له‌مه‌ودوا دروستده‌بن گفتوگۆ ده‌كه‌ین”.
 
له‌ خاڵی سێیه‌م دا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی نوسیویه‌تی :” هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 30ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێ، به‌پێویست زانرا له‌ كات و ساتی بڕیارلێدراو ئه‌نجامبدرێ و هه‌روه‌ها باس له‌ ئاماده‌كاریه‌كان و میكانیزم و هه‌نگاوه‌كانی پێویست بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ كرا و بڕیاریان له‌باره‌وه‌ وه‌رگیرا”.
 
له‌ خاڵی چواره‌م و كۆتایشدا سه‌باره‌ت به‌ دۆخی نێوخۆی پارتی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌شلێت :” ره‌وشی ناوخۆی پارتیمان، كۆبوونه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی وردی كرد بۆ بارودۆخی نێوخۆیی پارتیمان له‌ماوه‌ی رابردوو، بۆ داهاتووش به‌ په‌سه‌ندی زانی گۆڕانكاری پێویست له‌ هه‌ندێ‌ له‌ ئۆرگانه‌كانی پارتیمان بكرێ‌. هه‌روه‌كو پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی به‌ گرینگزانی و بڕیاری له‌باره‌وه‌ وه‌رگرت و ده‌سه‌ڵاتیشی به‌خشی به‌ سه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسی سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ پێویستن”.
Back to top button